زیاتر لە هەزار کۆمپانیای تورکیی لە هەولێر کاری بازرگانی دەکەن

دوێنێ



جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دەڵێت: ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیاو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە.
شاندێکی هاوبەشی ڕێکخراوی تیسیادی تورکی و کارگێڕی بەندەری نێودەوڵەتی مێرسین سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێریان کرد.
بە مەبەستی خستنەڕووی ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی بۆ بازرگانانی هەرێم دەیکەن، شاندەکەی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەک بازرگان کۆبوونەوە.

کامەران سەڵاح باجگر جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییە بازرگانییە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا و جەختی لەوەشکردەوە کە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکرێت.
ئەو وتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە، لەم بڕەش ١٣ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵاکانی تورکیا بووە، چوار ملیار دۆلاریش هەناردەی عێراق بووە بۆ تورکیا، سەدا ٢٥ی ئەم قەبارەیە لە هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیا".

کامەران سەڵاح باجگر گوتیشی: "داوا لە شاندی میوان دەکەین کە هەرچەندە لە تواناتاندا هەیە، ئاسانکاری و هاوکاری و داشکاندن بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم بکەن بۆ ئەوانەی کاڵاکانی خۆیان لە ڕێگای بەندەری مێرسین هاوردەی عێراق و هەرێم دەکەن و بێگومان لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەردوو وڵات هەیە و ئێمەش لێرەوە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار