خانەنیشینان سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن

دوێنێ
ئەو فەرمانبەرانەى لە 31ـى کانوونى یەکەمى 2024 خانەنشین بوون، هێشتا کارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە و لە مانگى شوبات مووچە وەرناگرن، بەڵکو مانگى داهاتوو سێ مووچەى ئەمساڵ پێکەوە وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم، ڕایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی دوو دوێنی چوارشەممە تەواوکراوە، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی سێ تەمەنەکە (60، 61 و 62) ساڵ، مامەڵەی گواستنەوەی مووچەکانیان تەواو نەبووە، بۆیە مووچەی مانگی دووش وەرناگرن لە مووچەی مانگی سێ ئەوانەی تەواو دەبن دەخرێنە نێو لیست و سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزارەی کە تازە خانەنشین دەبن. تاوەکو ئێستاش خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.
سەرچاوەکەی وەزارەتى دارایى دەشڵێت ئەو سێ تەمەنەی لەو ماوەیە خانەشین دەبن ژمارەیان زیاترە لە 25 هەزار کەس، ئەگەر سەرووی 25 ساڵ خزمەتیان هەبێت دەبێت 18 مووچەیان بۆ خەرج بکرێت کە شەشیان مووچەی بنەڕەتی و 12 ـیان مووچەی خانەنشین بوونیانە.
هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024ەوە دەستىپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ پارەى تەرخانکراوى مووچە زیاد دەکات.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 20ى کانوونى دووەمى 2025 لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو بۆ هاونیشتمانییان لە هەرێمى کوردستان.
وەزارەتەکە پرسیاری کردبوو، ئایا بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای خانەنشینى هەرێمى کوردستان، وا دەکات شایستەى دارایی ئەو کەسانەى بەر لە رۆژى بڕیارەکەى دادگەکە خانەنشین بوون، جیاوازیی مووچەی هاوتاکراویان بۆ خەرج بکرێت؟
دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق 23ى تشرینى دووەمى 2022 لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک لە خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند کرد، یاسای خانەنشینى ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەرێمى کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە.

