یاریگاى نێودەوڵەتیی نەورۆز لەشەوانى ڕەمەزاندا یاریی تێدا دەکرێت
.png)
دوێنێ
یاریگاى نێودەوڵەتیی نەورۆز بەرەو قۆناغێکى دیکە هەنگاو دەنێت و لە مانگى رەمەزان لە شەواندا یاریی تێدا دەکرێت، تاوەکو پێش رەمەزان سیستمى رووناکى یاریگاکە تەواو دەکرێت.
هێرش کەمال، جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز راگەیاند، “موژدەى بۆ هاندەرانى وەرزشى کوردستان پێیە، ئەو کۆمپانیایەی یاریگاکەى دروستکردووە لەگەڵى رێککەوتووین سیستمى رووناکى دابنێ و هەفتەى داهاتوو دەست بە دانانى بلاجیکتۆرەکان دەکات.”
هێرش کەمال وتیشی، کۆمپانیاکە سیستمی بلاجکتۆر لەماوەی 10 رۆژ تەواو دەکات و ئێستاش تیمى ئەندازیارى کارەبا لە یاریگاکە سەرقاڵى کارن.
لە بارەى کارى تیمەکەوە باهیر محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری یاریگای نەورۆز کرد، ئەو وتی: ئەم مژدەیە بەهاندەرانی وەرزشی سلێمانی و کوردستان بدەن، لە مانگی رەمەزاندا یانەی نەورۆز دەتوانێت یاریەکانی لە شەودا لەنێو یاریگا نێودەوڵەتیەکەی بکات.
باهیر محەمەد دەشڵێت، ئەو سیستمە رووناکیەی بۆ یاریگای نەورۆز دادەندرێت، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق پەسەندی کردووە.
ئاماژەئ بەوەش کرد یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز یەکەم یاریگایە لە عێراق سیستمى لەوشێوەیە دابنێت، چونکە ئەمە هەمان ئەو سیستمەیە، لە یاریگا نێودەوڵەتیەکانی جیهان دادەنرێ، بلاجیکتۆرەکان لە یەکێک لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا کڕدراون.
یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز توانای لەخۆگرتنی 15 هەزار هاندەر هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکەی زۆر لەکاتی یارییەکاندا ئامادە دەبن ژمارەکە دەگاتە 20 هەزار هاندەر، بۆیە بە ناچاری ئیدارەی یانەکە شاشەیەکی گەورەیان لە دەرەوەی یاریگەکە داناوە بۆ ئەوەی هاندەران لە دەرەوەش سەیری یاریەکانی یانەکەیان بکەن
چاوەڕێ دەکرێت لە کاتی یاریەکانی یانەی نەورۆز لە شەودا لە یاریگا نێوەدەوڵەتیەکەی، هاندەرێکی زیاتر ئامادە ببن.
ئیدارەى یانەکە خەمی ئەوەیانە چۆن شوێن و جێگەى هەموو هاندەران بکەنەوە، بەتایبەتى لە دواین یاری یانەی نەورۆز، کە بەرامبەر یانەی زەوڕا لە یاریگا نێودەوڵەتیەکەی کردیان، دوای تەواوبوونی یاریەکە هاندەران داوایان لە سەرۆکی یانەکە کرد یاریگاکەیان بۆ گەورە بکات.

