پژاک: بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەموو شوێنێک بکەنە قوتابخانە

دوێنێ
هاوڵاتى
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە سەرجەم گەلانی ستەملێکراو بەتایبەت گەلی کورد پیرۆز کرد و بانگەوازی لە گەلی کورد دەکات، بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستن و فێربوونی زمانی کوردی بکەنە قوتابخانە.
بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ٢١ـی شووباتەوە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لەبەشێکى ئەو بەیاننامەدا پژاک دەڵێت: سیاسەتی هەر چوار حکومەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بەرامبەر بە کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، لەسەر بنەمای پارادایمی شۆڤێنیستییە کە لە هەوڵی ئەودایە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کەلتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا بسەپێنێت.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە.
“٢١ـی شووبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناسێندراوە. گەلی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا بە پاراستنی زمانی زگماکی خۆی کەلتووری خۆی پاراستووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی جینۆسایدی کەلتووری بووەتەوە. شەڕی پاراستنی زمانی کوردی بۆ کورد تەنیا ڕێگایەکە بۆ پاراستنی هەبوون و پووچەڵکردنەوەی جینۆسایدی کەلتوورییە.
سیاسەتی هەر چوار حکومەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بەرامبەر بە کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، لەسەر بنەمای پارادایمی شۆڤێنیستییە کە لە هەوڵی ئەودایە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کەلتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا بسەپێنێت. زیاتر لە سەدەیەکە ئەم ستراتیژە گڵاو و شۆڤێنییە و ڕەگەزپەرەستانەیە بەرانبەر گەلی کورد بەکار دەهێنن. گومانی تێدا نییە کە ئەمڕۆ گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانی کوردی و پەروەردەکردنی لە تێکۆشانێکی بێوێنە و فیداییانەدایە. زمانی کوردی، هەبوونێکی کەلتوورییە، کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت تەواوی میراتی مێژوویی بپارێزرێت، بوترێت و بە جیهان بناسێنرێت. دروستبوونی جیهانێکی دیموکراتیک بەبێ مافی خوێندن بە زمانی دایکی مەحاڵە. بۆیە قەدەغەکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لەسەر بنەمای سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن دەبێتە هۆی لەناوچوونی یاسای ناوچەیی و جیهانی.
پەرەدان و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی بە پەنابردن بۆ سیاسەت و ستراتیژێک کە پرەنسیپ و پێوەرەکانی فرەچەشنی کەلتووری لەخۆ بگرن، دەکرێت. بە دڵنیاییەوە بە پەروەردە هەر تاکێک دەتوانێت زانست و شارەزایی تەواوتر بەدەست بهێنێت و ئەمەش بە پەروەردە بە زمانی دایکییەوە دەکرێت. زمانی کوردی یەکێکە لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بوون و مانەوەی گەلی کوردە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لێدەکرێت و لەلایەن حکومەتە هەژموونگەرە جیهانییەکانەوە هیچ ڕێگریەکی لێ نەکراوە. بە قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، مافی ژیانی ئازادی گەلەکەمانیان پێشێل کردووە. بۆیە تێکۆشانی پەروەردە بە زمانی دایک تێکۆشانی ئازادیی مانادارتر و جوانتر دەکات.
ئەمڕۆ گەلی کورد بە تێکۆشان و فیداکاریی بێوچانی خۆیەوە لە قۆناغی جینۆسایدی فیزیکی ڕزگاری بووە و کاتی ئەوە هاتووە کە بە ئازادیی یەکجارەکی کۆتایی بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری دوژمنان بهێنێت. بە دڵنیاییەوە سەپاندنی “زمانی فەرمی” لەلایەن دەسەڵاتە فاشیستەکانەوە، گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە دەرفەتی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد بێبەش کردووە. کۆمەڵگای ئازاد ئەو کۆمەڵگایەیە کە بتوانێت لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبیاتەوە ناسنامەی کەلتووری خۆی پێشبخات و جوانی پێ ببەخشێت. بۆیە سەپاندنی زمانی فەرمی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا نموونەیەکی ڕوونی جینۆسایدی کەلتوورییە. لەم جیهانە دەستکردەی خۆیاندا، هەموو دەوڵەمەندییە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگاکان لەناو دەبەن و ماف بە زمانی دایکی گەلێک نادات. بۆیە ئەم مافە تەنیا بە تێکۆشانی بەردەوامەوە بەدی دێت.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) سەرەڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە هەموو گەلانی بندەست بەتایبەت گەلی کورد، بانگەوازی لە هەموو گەلەکەمان دەکات کە بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستن و فێربوونی زمانی کوردی بکەنە قوتابخانە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوەی نەتەوەیی و کەلتووری. هەروەها قسەکردن بە زمانی دایک ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ هەر تاکێک لە پاراستنی زمانی کوردیدا و لەو چوارچێوەیەدا مافە کەلتوورییەکانمان بپارێزرێن و گەشەی پێ بدەین. پاراستنی زمانی کوردی یەکێکە لە ئازادییەکانی گەلەکەمان. بژی کۆمەڵگای ئازاد.”

