هۆشیار زێباری: 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ تەواو بوون

24 كاتژمێر لەمەوپێش
هۆشیار زێباری، ئاشکرایدەکات: پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكە و دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم تەواوبووە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە هاوکات سەرۆكی شاندی دانووستانكاری ئەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە لێدوانێکى ڕؤژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت: پارتی ھەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کورسی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە وەک براوەی ھەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت لایەنێک کورسی زیاترە یان کورسی کەمترە.
ئەو دهشڵێت، "گەیشتوینەتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتو بۆ دروستكردنی حكومەت، واتا ئیحتمالە ئێمە چاوەڕوانین ئەم چەند رۆژە كۆببینەوە لەسەر ئاستی هەردو شاندی دانوستاندن".
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، زۆرترین كۆبوونەوەکانیان نزیكبوونەوەیان وەک پارتى لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، وتیشى: دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتمان تێپەڕاندووە و لەسەر نۆ تەوەر ڕێككەوتووین.
هۆشیار زێبارى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە تاوەکو ئێستا پارتى دەرگای گفتوگۆیان بەڕووی هیچ لایەنێك دانەخستووە كە نیازی بەشداریكردن لە حكومەتیان هەبێت، وتیشى: بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوومان نزیكبوونەوە و هاوڕاییمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاترە".
پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی كۆبوونەتەوە و شاندی تەكنیكی هەردوو حیزبیش چەندین جار كۆبوونەتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردن.

