واشنتن داوای لە عێراق کردووە پەلەبکات لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

2 مانگ لەمەوپێش



ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردەوتەوە کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە.
دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ دژی تاران هەناردەکردنەکەی بگەیەنێتە سفر.

حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهانی داببڕێت و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی لێ ببڕێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردنی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.
وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە بەشێوەیەکی لەناکاو ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو هەناردەکردن لە کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە. ئەوەش کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵە کە ڕۆیشتنی زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان کەمدەکاتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ هەشت سەرچاوە لە بەغدا و واشنتن و هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق کردووە و ڕایانگەیاندووە زیادبوونی فشارەکانی بەڕێوبەریەتی نوێی ئەمەریکا بزوێنەرێکی سەرەکییە لە پشت ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیری نەوتی عێراق.

سەرجەم سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت.
ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لە میانەی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن بەغدا کە هەم هاوپەیمانی ئەمەریکایە و هەمیش ئێران، وریایە لەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر تاران لە رێگەی واشنتنەوە.

ترامپ داوای کردووە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت. هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بانکی ناوەندی عێراق لەسەر داوای خەزێنەی ئەمەریکا ڕێگری لە پێنج بانکی ئەهلی دیکە کردووە لە دەستگەیشتن بە دۆلار بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کونترۆلی دەستڕاگەیشتنی تاران بە دولار بکەن.
شەش سەرچاوە وتییان دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 دا هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە ڕاگیرا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئێران لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە زیادی کردووە. ئەمەریکا داوا لە بەغداد دەکات ڕێگری لەوە بکات.

لە مانگی حەوتدا ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ڕۆژانە نزیکەی 200,000 بەرمیل بە نرخی کەم بە قاچاخ لە کوردستانەوە بۆ ئێران گواستراونەتەوە، ژمارەیەکی کەمتریش ڕەوانەی تورکیا کراون لە ڕێی بارهەڵگرەوە.
بەرپرسێکی نەوتی عێراقی نزیک لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتەوە لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە بۆ ئێران، وتی " واشنتن فشار دەخاتە سەر عێراق تاوەکو دڵنیاببێتەوە لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێن و بە هەرزانی نەفرۆشرێت بە ئێران."

دوو بەرپرسی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەو بارەیەوە پرسیاری لێکرا وتی " ئەوە نەک تەنها گرنگە بۆ ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان کە ڕێگەیان بدرێت نەوتەکەی خۆیان هەناردە بکەن، بەڵکو یارمەتیدەریش دەبێت لە هێشتنەوەی نرخی نەوت بە هەرزانی."
لە شەڕی دژ بە داعشدا هاریکارییەکی نزیک هەبووە لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمەریکادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار