نێچیرڤان بارزانی: کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە پشتیوانی عێراقە

9 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری ستراتیجییەوە پشتیوانی عێراقە، پڕۆژەی پەرەپێدان هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بنیادنانی عێراقێکی سەقامگیر.
ئەمرۆ شەممە، 22ـی شوبات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی بەغدا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا کە لە هۆڵی بابل بەڕێوەدەچێت.

هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسەکە ئامادەن.
نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا وتارێکى پێشکەشکرد، لەبەشێکیدا وتى: پرۆژەی رێگای گەشەپێدان بۆ گشت عێراقییەکان گرنگە، هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بنیادنانی عێراقێکی سەقامگیر، لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بەوە هەیە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندی هەمووانە، بە تەواوی پشتیوانی پڕۆژەی پەرەپێدان دەکەین.

عێراق دەتوانێت پردێک بۆ دیالۆگ نەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێکان." نێچیرڤان بارزانی وای وت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، عێراق دەرفەتێکی باشی لەپێشە تاوەکو ببێتە ناوەندێکی "گرنگیی بازرگانی" و ئاماژەی بەوەشکرد "فرەچەشنی کۆمەڵگەی عێراق سەرچاوەیەکی بەهێزی عێراقە."
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "سەرەڕای ئاڵنگارییەکان بە هەوڵی هەمووان، عێراق دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت."

هەر لە کۆنفرانسەدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتارێکى پێشکەش کردو وتى: ناچینە هیچ جەمسەرگەرییەك و هاوسەنگی دروستمان پیادە كردووە، عێراقمان لە وابەستەیی و پاشكەوتەیی دەربازكرد، لەڕێی گفتوگۆوە كۆتایمان هێنا بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوە بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی لە دۆخێكی سیاسی ئاڵۆزدا.
ئەمڕۆ چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی (گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا) دەستیپێکرد، ناونیشانی کۆنفرانسەکە (پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی)ـیە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار