ڕاوێژكارێکى سودانى: ئەمریكا هەڕەشەى نەکردوە، بۆ هەناردەكردنی نەوتى هەرێم

12 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دەرەوە، ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێنەكرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە فەرهاد عەلادین، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئەوەى خستەڕوو: عێراق ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە كراوە ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ نەكرێتەوە.
ڕاوێژکارەکەى سودانى، وتیشى: هیچ ڕاستییەك نییە بۆ ئەو هەواڵانەی میدیاكان باس لەوە دەكەن كە هەڕەشە هەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەستپێنەكاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی كە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا ڕوویانداوە، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەپاندنی سزا و هیچ جۆرە فشارێك لەسەر عێراق نەبووە.
ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردەوتەوە کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە.
دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ دژی تاران هەناردەکردنەکەی بگەیەنێتە سفر.
حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهانی داببڕێت و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی لێ ببڕێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردنی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.

