شارەوانییەکی دیکەی باکوری کوردستان قەییومى بۆ دانرا

دوێنێ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانیی کاغزمانی باکوری کوردستان لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە، قەییومێکی لەجێگەی دانا، تائێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتی 12 شارەوانی دانراوە کە 10 سەرۆکیان لە دەم پارتیین.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-02-2025 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان لە پارێزگای قەرس دانرا. محەممەد ئالکان، هاوسەرۆکی شارەوانیی کاخزمان لە کار دوورخرایەوە و ئۆکان داشتان، قایمقامی شارۆچکەکە بە وەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، محەممەد ئالکان، بە تۆمەتی "ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار،" رۆژی 23-02-2025 لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی قەرسەوە، بڕیاری 6 ساڵ و 3 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ی یاسای ژمارە 5393ی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ی دەستووری تورکیا، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی. بەپێی مادەی 47ی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکانیش بڕیار درا بە دانانی ئۆکان داشتان، قایمقامی کاخزمان وەک سەرۆک شارەوانی بە وەکالەت."
بەپێی ئاژانسی وڵات میدیا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2016 و دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا قەییومی بۆ 95 سەرۆکی شارەوانی بەدەپە دەستنیشان کرد، دوای هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئازاری 2019، جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بە دانانی قەییومەکان کردەوە بۆ 48 شارەوانی کە لەلایەن هەدەپەوە سەرۆکایەتی دەکران، بەجۆرێک قەییوم بۆ 3 شارەوانی شارە گەورەکان، 5 شارەوانی، 33 شارەوانی قەزاکان و 7 شارەوانی شارۆچکەکان دامەزراند.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا محەممەد ئالکان، بەربژێری دەم پارتی 3320 دەنگ ( 32.68%ی دەنگەکان)ی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان هەڵبژێردرا.
لە کۆی ئەو 85 شارەوانییەی دەم پارتی توانیوویەتی بەدەستیان بهێنێت، 72 شارەوانی بە دەستەوە ماوە و ناشزانرێت تا تەواوبوونی ئەم خولەی شارەوانییەکان کە هێشتا زیاتر لە چوار ساڵی ماوە، قەییوم بۆ چەند شارەوانی دیکە دادەندرێت و چەند سەرۆک شارەوانییش دەستلەکاردەکێشنەوە.

