دەستەی مافی مرۆڤ: هیوادارین خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕ

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی شەوى ڕابردووى عەربەت، دەڵێن هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت.
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوت کردەوە.

ئەمرۆ سێ شەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان.

دەقى پەیامەکە
پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی عەربەت/سلێمانی

شەوی ٢٤ی شوبات بەپێی بەدوا داچونەکانی تیمەکانی دەستەکەمان دوای ئەوەی گرژی و ڕووبەڕوو بونەوە دەکەوێتە نێوان مامۆستایانی خۆپیشاندەرو شوفێرانی بارهەڵگر کە ئەو بارهەڵگرانە ڕێگەیان پێ نەدەدرا لەعەربەتەوە بڕۆن دواتر دەبێتە هۆی گرژی لەنێوانیان بە هۆیەوە چەند هاوڵاتیەک بریندار دەبن دواتر هێزە ئەمنیەکان بۆ کونتڕۆڵی بارودۆخە دەچن و بڵاوە بەخۆپیشاندەران دەکەن و  گرژی دروست دەبێت لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان کە بەهۆیەوە چەند ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتیەک زامدار دەبن و دەست بەسەر کەل وپەلی ڕۆژنامەوانی هەندێ کەناڵ دەگیرێ و چەند کەسێک دەستگیر دەکرێن.

ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان وەک ڕێکارێکی مەدەنی و دژی هەر جۆرە ڕێگری و پێشێلکاریەکین بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بکرێ هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت.

ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە لەهەمان کاتدا پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن دوور لەبەکارهێنانی توندوتێژی . وەک دەبینین بەگوێرەی ڕاگەیانراوی دەزگا ئەمنیەکانیش لەسلێمانی  دەستگیر کراوەکان هەموو ئازاد کراون هیچ بریندارێکیش لەنەخۆشخانەکان نەماوە هیوادارین هەموو لایەک بەئارامی مامەڵە بکەن لەپێناو سەلامەتی بۆ هەموان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار