بە پێی ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوانی کەرکوک 500% زیادیکردووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەریخست زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک سروشتی نییە، بەڵکو زیادبوونی میکانیکییە و لە ئەنجامی نیشتەجێبوونی خەڵکی پارێزگاکانی تر لە کەرکوک، زیادبوونەکە ڕوویداوە.
ستار پاشا، شارەزای بواری ئامارو سەرژمێری و بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەسەر ژمێری ساڵی 1921 بۆ ساڵی 1922 ی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک108 هەزارو 750 کەس بووە. لەسەرژمێری ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 283 هەزار و لەسەرژمێری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بۆ 388 هەزارو 833 کەس زیادیکردووە."

دەشڵێت،"بەپێی ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، واتە ژمارەکە 500% زیادیکردووە، ئەمە زیادبوونی سروشتی ژمارەی دانیشتوان نییە."
بەپێی قسەی شارەزایان، کاتێک ژمارەی زیادبوونی دانیشتوانی هەر شارو وڵاتێک بە زیادبوونی سروشتی هەژمارد دەکرێت کە ڕێژەکە 3% بێت، بەوەی ژمارەی لە دایکبووان بخرێتە سەر ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی مردوانیش لە تۆماری دانیشتوان دەربهێنرێت.

ستار پاشا دەڵێت،"زیادبوونێکی تری ژمارەی دانیشتوان هەیە و پێیدەوترێت زیادبوون وکەمبوونی میکانیکی، ئەم زیادبوون و کەمبوونە لەسەر بنەمای دەرچوون و هاتنە ژوورەوەی خەڵکە بۆ شارو قەزاو وڵات، بۆیە زیادبوونەکەی کەرکوک میکانیکییە نەک سروشتی."
هەروەها وتیشی،"خەڵکێکی زۆر بە لێشاو لە پارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک، ئەمەش وایکردووە زیادبوونی میکانیکی لە کەرکوک ڕووبدات و ئەو ژمارە زۆرە لە دانیشتوانی کەرکوک تۆماربکرێت."

لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک لە ساڵی 1922 گەیشتووەتە 108 هەزارو 750 کەس، ئەوکات کەلارو کفری و چەمچەماڵ لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە لیوای ئەوکاتی کەرکوک بوون، بەڵام لە سەرژمێری ساڵی 2024 دا ئەو قەزایانە لەچوارچێوەی ئیداری کەرکوک دا سەرژمێری نەکران.
لە ڕۆژی 20 ی مانگی 11 ی ساڵی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەستیپێکردو سەرباری کۆتایی هاتنی پرۆسەکە، بەڵام هێشتا زۆر وردەکاری گرێدراو بە ناوچە کێشە لەسەرەکان کە سەرژمێری دەریخستووە ڕانەگەیەنراوە.

بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆک کۆمار ئەنجام دراوە، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتی بڵاونەکرێتەوە، تا ئەوکاتەی بەراوردی سەرژمێری ساڵی 1957 و ساڵی 2024 دەکرێت.
ستار پاشا دەڵێت،"بەراوردکاری سەرژمێری ساڵی 1957 و 2024، دەریدەخات کێ کەرکوکی ڕەسەنەو کێ کەرکوکی نییە، چونکە خەڵکی کەرکوک ناوی خۆیان و باوک و باپیرانیان لە تۆماری ساڵی 1957 دا هەیە، با ئێستا لە بەغدا یاخود هەولێرو سلێمانی نیشتەجێ ببن."

دەشڵێت،"هەرکەسێکیش کەرکوکی نەبێت و ئێستا نیشتەجێی کەرکوک بێت، لە تۆماری ساڵی 1957 ناوی لە پارێزگاکانی تر بێت، ناوەکەی دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەو ناوچەی لە ساڵی 57 تێێیدا تۆمارکراوە، بۆیە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری دواخراوە."

سەرژمێرکردنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی خەڵکی پارێزگاکانی تری عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەکاتێکدایە، ژمارەی خێزانی عەرەب لە هەندێک ناوچەی کوردستانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە.
تا پێش سەرهەڵدانی شەڕی داعش ناحیەی کوڵەجۆی سنوری ئیدارەی گەرمیان هیچ خێزانێکی عەرەبی تێدا نیشتەجێ نەبوو، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی خێزانە عەرەبەکان لەوناحیەیە زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکان.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کوڵەجۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرجەم خێزانە کوردەکان بۆ سەرژمێری گەڕانەوە بۆ ناحیەی کوڵەجۆ، سەرژمێرکردنی خێزانە عەرەبەکانیش لە کوڵەجۆ هیچ گرفتێکی دروست نەکرد."
هەرچەندە لە ساڵی 1997 حکومەتی بەعس بە بێ هەرێمی کوردستان سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدا، بەڵام شارەزایانی بواری ئامار پێیانوایە سەرژمێرییەکە لەکاتێکدا ئەنجام دراوە دۆخی عێراق ناهەموارو ناسەقامگیربووە، بۆیە زۆر پشت بە ئەنجامەکەی نابەسترێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار