سبەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، سبەی جارێکی دیکە لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە و یەکێتی داوای چەند وەزارەتێک دەکات.
22ـی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."
سبەی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە، گفتوگۆکردن لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەستپێدەکات.
کۆبوونەوەی رابردوو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کرا، کۆبوونەوەی سبەی لە هەولێر دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی رابردوودا شاندی پارتی، هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بووە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "کۆبوونەوەی سبەی بە بەشداریی هەمان شاندی رابردوو دەبێتەوە و درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پێشوو دەبێت."
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: سبەی لەسەر ئاستی باڵا، پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو نزیکبوونەوەی زۆر دروستبووە لەنێوانمان، لەسەر چەندین پرس و خاڵ ڕێککەوتووین.
هاوکات ئەوەشى خستەڕوو لە کۆبوونەوەی سبەیش ئەو خاڵانەی ماون گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەکە زانیاری باش و دڵخۆشکەر بدەین بە خەڵک و بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنرێت.
نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

