پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لەسلێمانى گردبوونەوە

6 مانگ لەمەوپێش



 

پزیشکانی نیشتەجێی خولاو-پلە بەند و پزیشکانی گەنجی دامەزراو ڕایانگەیاند، دەبێت هەوڵەکان لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێم چڕ بکرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ٢٠٢٤ چونکە پلە بەندی پزیشکی نیشتەجێی خولاوە پەیوەستە بەو دامەزراندنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی بە گردبوونەوەیەک پشگیریی خۆیان بۆ خوێندکارانی دەرچووی بەشە پزیشکییەکان کە تا ئێستا دانەمەزراون دەربڕی و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دارۆ هادی، نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو وتی: پزیشکانی خولاو-پلەبەند و پزیشکانی گەنجی دامەزراو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ کۆبووینەتەوە بۆ گەیاندنی دەنگمان بە حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ساڵی ٢٠٢٤.
ئەو وتیشی: دواکەوتنی دامەزراندنی پزیشکانی نوێ کاریگەری لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی تەندرووستی لە تەواوی دەزگا تەندرووستییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکان دەبێت.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە لە ئێستادا بۆ هەر ڕۆژێک دواکەوتنی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ساڵی ٢٠٢٤ ئەوا کۆمەڵێک پزیشکی تر بە ناونیشانی خولاو، پلەبەند، دێرین سیستەمی پلەبەندیان دوادەکەوێت.
هەروەها وتیشى: ئەمەش بووەتە جێگای نیگەرانی ئێمە و تێکچوونی سیستەمی پلەبەندیمان کە ڕۆژانێک هەوڵ و ماندووبونمان چەشتووە بۆیە وەک پزیشکانی گەنجی دامەزراو دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی دەرچووانی ئەمساڵی کۆلێژی پزیشکی و داواکارین بە زووترین کات وەڵامێکی دڵخۆشکەر وەرگرین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەکان لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێم چر بکرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی ٢٠٢٤ چونکە پلەبەندی پزیشکی پەیوەستە بەو دامەزراندنەوە، چیتر مەترسی لەسەر تێکچوونی سیستەمی پلەبەندیمان نەبێت ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوویش، لە ئەگەری دواکەوتنی زیاتری دانەمەزراندنی دەرچووانی ئەمساڵی کۆلێژی پزیشکی، سەرجەم پزیشکانی گەنجی دامەزراو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی ترمان دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار