بارزانى و سێ پارتی باكوورى کوردستان گفتوگۆیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا کرد

9 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكوور کرد و بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ئەمڕۆ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان.
بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "لە دیدارەكەدا بەوردیی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە".
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کراوە، بارەگای بارزانی دەڵێت: بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو".

