هەسەدە بازاڕی درۆنى بەیرەقداری تورکیی شکاندووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرخۆدانی سێ مانگی رابردووی شەڕڤانانی هەسەدە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری تورکیا، زیانی گەورەی بە بازاڕی چەک و تەقەمەنی تورکیا گەیاندووە و خواستی لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کەمکردووە.
لە دوا روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکیا و گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و دەوروبەری کۆبانێ چڕکردوەتەوە، تورکیا بە هێرشی ئاسمانی و موشەکی پاڵپشتیی ئەو گروپانە دەکات و بە چڕی بۆردومانی ناوچەکە دەکات، لەبەرامبەردا شەڕڤانانی هەسەدە بەرەنگاری هێرشەکان بونەتەوە و نەیانهێشتووە پێشڕەویی بۆ ناوچەکە بکەن.
بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ئەو هێزانە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پشتڕاستی کردەوە، تائێستا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقداری تورکیایان خستوەتە خوارەوە، سەرەڕای تێکشکاندنی ژمارەیەک سیستمی رادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی چاودێری و هێرشکار.
نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە.
کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە.
ئیسلام سەعدی، ئەفسەری خانەنشینی هێزی ئاسمانی سەربازی عێراقی و شارەزای بواری فڕۆکەوانی سەربازی رایگەیاند: کێشی بەیرەقدار 1600 کیلۆگرامە، توانای فڕۆینی یەک رۆژی تەواوی هەیە، زۆرترین ماوەی خۆڕاگرتنی هەیە لە ئاسماندا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، بەهۆی شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە، ئەو وڵاتانەی کە کڕیاری سەرەکیی بەیرەقدار بوون، پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی پێشوویان دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر لە شەڕی ئۆکراینا و روسیا، ئازەربایجان، عێراق، لیبیا و سوریا، ئەو فڕۆکانە رۆڵی گەورەیان هەبووە و خواستی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام شەڕڤانانی کورد بە تەکنیکی سەرەتایی و ناوخۆیی توانیان شکۆی ئەو ئەفسانەیە بشکێنن و لە چەند رۆژێکی کەمدا چوار دانەیان لێ بخەنە خوارەوە
ئەو پڕۆسەیە، تەنها کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەیرەقدار دروست نەکردووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازیی تورکیاش دروستکردوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تورکی، خواست لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک و تەقەمەنی تورکیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی نیوە دابەزیووە.
ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن، ساڵی 2020 تورکیا بە بەهای 11 ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی فڕۆشتووە، بەڵام ساڵی 2023 بۆ کەمتر لە 6 ملیار دۆلار دابەزیووە، ساڵی رابردووش رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی کۆتایی رانەگەیەندراوە.

