هەسەدە تێكشكاندنی هێرشی توندڕەوەكانی توركیای ڕاگەیاند

5 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەكانی سوریای دیموكراتیك هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "دوێنێ دووشەممە چەتەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق هێرشیان كردە سەر خاڵی هێزەكانمان، بەڵام شەڕڤانانمان سەرجەم هێرشەكانیان تێكشكاند".
هەسەدە دەڵێت "سوپای توركی داگیركەر و چەتەكانی گوندەكانی تینا، جعدە، بیر حسۆ، خەسەق، دیكان، مەلحە، قەلهیدە، سیا، كەژ و بەرزاییەكانی سێڤێ و پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران كرد. جێی ئاماژەیە زیاتر لە ٦٠ گولـلە هاوەن، تانك و مووشەكیان بەسەر ئەو ناوچانە باراندووە. لەئەنجامی تۆپبارانەكاندا، زیانی ماددی زۆر بەر ماڵ و موڵكی دانیشتووانی ناوچەكە كەوتووە. هێزەكانی داگیركەر بە پشتیوانی تۆپخانەكانیان هێرشیان كردە سەر پێگەكانمان. بەڵام شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەكانیان دایەوە و شەڕێكی توند هاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا چەتەیەكی زۆر كوژران و ئەوەندەش كە ڕوون بووەوە ٣ ئەندامی چەتەكان بریندار بوون. هەروەها یەكینەكانی شەهید هاروون گورزیان لە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی چەتەكان وەشاند".
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەروەها شەڕڤانانمان لە دەوروبەری پردەكە هێرشی دووەمیان تێكشكاند. لە ئەنجامدا ژمارەیەك لە چەتەكان كوژراون و ژمارەیەكی دیكەشیان برینداربوون، جێی ئاماژەیە ژمارەی كوژراو و بریندارەكان بە روونی نەزانراوە".
هەروەها لەبارەی بەرەیەكی دیكەی شەڕ رونیكردەوە "لە بەرەی عەین عیسا سوپای داگیركەری توركیا و چەتەكانی گوندی ئەبو سرایان لە ڕۆژئاوای عەین عیسا بە چڕی بۆردومان كرد. لە ئەنجامدا تۆپبارانەكە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی مەدەنی هاوڵاتیان گەیاند. هەروەها فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەر بە درێژایی ڕۆژ بەسەر ئاسمانی عەین عیسا، شاری كۆبانێ و دەوروبەریدا سووڕاونەتەوە."

