ئاسۆ فەریدون: کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتەکە هەناردە دەکرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کار لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات لەگەڵ کورتهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەشێکن لەبەربەستەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و دەشڵێت،" هەوڵەکان و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان، بەڵام هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێت."
دکتۆر ئاسۆ فەریدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی ڕێکەوتوون وەک سەرەتایەک ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکەن تا سۆمۆش لە ڕێگای تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردەی بکات، تەبعەن ئەمە بەشێکە لە جێ بەجێکردنی یاسای بودجە کە دەبێت هەرێم پابەند بێت بەهەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆوە."
وتیشی،"ئێستا هەرێم توانای تەنها 300 هەزار بەرمیلی نەوتی هەیە، 185 هەزاری ئامادەیە بۆ هەناردەکردن و 46 هەزار بەرمیلیش وەکو پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دانراوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش بە خامی بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کێڵگەی نەوتی کۆر مۆر بەڕێوە دەبات وەکو حەق دەست، ئەم 69 هەزار حکومەتی عێراقی لێی ئاگادار نیە کە دەدرێت بەو کۆمپانیایە و لە یاسای بودجەدا نەچەسپاوە."
ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەم ژمارانە هەمووی دەقیقن و کێشەیەکی تر لەپێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ئەوەیە 100 هەزار بەرمیلی دیکەی نەوت کورتهێنان هەیە و دەشڵێت،" پێویستە گفتوگۆی زیاتر بکرێت و کێشەی ئەو 100 هەزار بەرمیلە و ئەو 69 هەزار بەرمیلەی کە دەدرێتە ئەو کۆمپانیایە چارەسەر بکرێت، بۆیە کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان دەست بەهەناردەکردنی دەکرێت."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەم ی سەربە قەزای چەمچەماڵ، بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گازو کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی بەڕێوەدەبرێت.
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی مانگی سێی 2025 کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیایەی کە کار لە دەرهێنانی نەوتی کوردستان دەکات کۆببنەوە و بەشێک لەبەربەستەکان چارەسەر بکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار کۆبوونەوەکە دواخرا.
گەرچی ڕۆژی شەممە 01-03-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییە جیهانییەکانی سەر بە (ئەپیکور)ی کردووە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 04-03-2025 لە بەغدا ئامادەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە،کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێواز و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.

