عەلی باباجان و داود ئۆغڵۆ: دەبێت ئەردۆغان هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسى ئاشتى ڕوون بکاتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
دوو سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بە پێویستی دەزانن ئەردۆغان هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دەشڵێن، باخچەلی هەڵوێستی روونە، بەڵام ئەردۆغان تەمومژاوییە.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، لە کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانيی پارتی ڕێبازی نوێ (یەنی یۆل) قسەیان لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە كرد، جەختیان لەوە کردەوە پڕۆسەی چارەسەری تەنیا بە ئیرادەی سیاسی و نەخشە رێگایەکی روون و دیاریکراو دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، داواشیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە روون بکاتەوە.
داود ئۆغڵو، سەبارەت بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە وتی: ئۆجەلان ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەکات، لەبری ئەوەی تەنها گروپە چەکدارەکان لە تورکیا بکشێنێتەوە، وەك ئەوەی ساڵی (2013) روويدا، جگە لەوەش ئەم بەیاننامەیە پەیکەری دەوڵەت ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو باس لە دیموکراسی دەکات لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتوودا، بەپێویستيشی زانی پێناسەی تورکبوون لە دەستوردا بگۆڕدرێت.
لای خۆیەوە، عەلی باباجان، جەختی لە گرنگی چارەسەری ئاشتیانە کردەوە و وتی: ئاشتی باشترە لە شەڕ، ئێمە بە گەشبینیەکی وریاییەوە بەدواداچون بۆ پرۆسەکە دەکەین، بەڵام بەبێ ئیرادە و نەخشە رێگای روون، سەرکەوتن قورسە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هەڵوێستی باخچەلی جێگیر دەردەکەوێت، هەڵوێستی ئەردۆغان تا ئێستا تەمومژاویە، وتیشی: یان دەبێت بۆ پێشەوەیە بڕوانین و پێکەوە هەنگاوبنێین، یان شكستدەهێنین و ئەم دەرفەتە لەدەست دەدەین.
وتیشی: هاوڵاتیانی کورد لە وڵاتەکەمان کێشەیان هەیە، کێشەی کوردی بوونی هەیە، گۆڕەپانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش لە ژێر سەقفی ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادایە.
ئەم کێشەیە بە روونی دەركەوت، كاتێك شاندی ئیمرالی بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان راگەیاندو، بۆ یەكەمجار دەقی بانگهێشتنامەکەیان بە زمانی كوردی خوێندەوە، ئایا نەتانبینی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان چی روویدا؟ هەندێکیان نەیاندەزانی چی بکەن، لەترسا پەخشەکەیان بڕی، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و قەدەغەکردنیان لە باوەش گرتەوە، ئەم ڤایرۆسە پاوانخوازییە، ئەم ڤایرۆسە دژە دیموکراسییە، ئەم ڤایرۆسەی پۆپۆلیزمە، ئەم ڤایرۆسە جیاکارییە ڤایرۆسێکە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بڵاودەبێتەوە.
باباجان جەختیكرد، چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی درێژخایەنی نێوان تورکیا و کوردەكان بێت، وتیشی، ئێمە دەمانەوێت کورد لە سوریا بە ئازادی بژین و پەیوەندی سیاسی هەمەچەشن و دۆستانەیان لەگەڵ تورکیا هەبێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەو چەکانەی ئاراستەی تورکیا دەکرێن وەلا بنرێن.
