ئەمەریکا: لێخۆشبوونەكانی عێراقمان بۆ كڕینی كارەبا لە ئێران تازە نەكردووەتەوە

دوێنێ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ لێخشوبوونەکانی بۆ عێراق بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران نوێ نەکردۆتەوە.
تامی بروس وتیشی، واشنتۆن رێگە بە تاران نادات هیچ بڕە یارمەتیەکی ئابوری و دارایی پێبگات.
جەختیشی کرد، هەڵمەتی زۆرترین فشاری سەرۆک ترەمپ، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و بچوكکردنەوەی بەرنامە موشەکییە بالیستیکەی و رێگرتنە لە ئێران لە پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکان.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە سەرچاوەی جێگرەوەی گازی ئێران داوە و دەڵێت: "هیوادارین، هەموو عێراقییەک سوود لە سەرچاوەکانی گازی سرووشتی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانی عێراق."
وتەبێژەکە هەروەها دەڵێت: "کۆمپانیاکانی ئەمریکاش ئامادەن و چاویان لەوەیە هاوکاریی حکومەت بکەن لە زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق".
لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، بەڵام رۆژی شەممە، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش بۆ دواجار نوێی نەکردەوە.
بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بداتە تاران، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، پارەکە دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.
لەبارەی رێکارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، جەیمس هیوت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەست لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەڵبگرن. هیواداراین دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان و ناوچەکەش لەبەرچاو بگرن."
عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەمدواییانە ئێران هەناردەی گاز و کارەباکەی بۆ عێراق زۆر کەم کردبووەوە.
