بەهۆى لافاوەوە نیوەى فەرمانبەرانى بەغدا نەچوون بۆ دەوام
.jpg)
18 كاتژمێر لەمەوپێش
ماڵپەرى ئەلعالەم جدید، ڕایگەیاند لەدوێنوە بەغدا نا ئارامەو بەردەوامیش باران دەبارێت و لەچەند شوێنێکیش لافاو دروستبووە، حکومەتیش ناتوانێت قەیرانی ئاوەڕۆی ئاوی باران کۆنتڕۆڵ بکات، بەیانی ئەمڕۆش پایتەخت بەهۆی ئەوەى زۆربەی فەرمانبەران نەیانتوانى بچنە دەوام فەرمانگە فەرمییەکانیان دۆخێکی ئیفلیجی بەخۆیەوە بینی.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەرە، لەکاتژمێرەکانى سەرەتای بەیانیەوە وەزارەتەکان و فەرمانگە حکومیەکان کارەکانیان وەستا، بەهۆى ئەوەى کارمەندى تەواو نەگەیشتبوون، چونکە بەهۆى باران و لافاوو داخستنى شەقامەکان ڕێگاى هاتووچۆیان لێ گیرابوو، بەشێکى زۆریشیان ماڵەکانیان ژێرئاوکەوتووە بەهۆى ئاوی بارانەوە.
هەروەها بە پێى پێشبینییەکانی فەرمانگەى کەشناسی بەغدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری باران بارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هۆشدارییەکانی لافاو و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە، لەنێویاندا بەغدای پایتەخت.
سەرەڕای کۆکردنەوەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنى لافاوو کردنەوەى شەقامەکان، هێشتا دۆخی سەر زەوی و هاتووۆچۆ سەختە، چونکە هاوڵاتیان بەسەختى لە جوڵەدان، هاوکات داواى ئەوەش دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوە شارەکە.
هاوکات پەرلەمانتار کامل عەکەیلی، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کرد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە کارەکەی دووربخاتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات.
ئەو پەرلەمانتارە وتى: پڕۆژەکانی ناوچەى زەورا لە ئاستی پێویستدا نەبوون زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت خزمەتگوزاری پێویستیان پێنەگەیشتوەو ئاو چوەتە ماڵەکانەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغدا بووە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی لە قەزای زەورا و دەوروبەری لەسەر پڕۆژە وەستاوەکان".
