ئەمریکا: پشتیوانى لەکوردو دروز، عەلەوی دەکەین
.png)
13 كاتژمێر لەمەوپێش
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پشتیوانی کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانى سوریا دەکەین لەوانە مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد.
لەراگەیەندراوێکیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، دەڵێت: ئەمریکا تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەوان جیهادییە بیانییەکان شەرمەزار دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکیان لە ڕۆژئاوای سوریا کوشت.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئەمریکا لەگەڵ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا وەستاوە، لەنێویاندا پێکهاتەکانی مەسیحی، دروز، عەلەوی و کورد، و سەرەخۆشی لە قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەکات.
مارکۆ رۆبیۆ وتیشى: دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا دەبێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دژی پێکهاتە کەمینەکانی سوریا بکەن.
ماوەى چەند ڕۆژێکە تووندوتیژی و کوشتن دژی پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەتی عەلەوییەکان بەردەوامە، بەپێی دوایین ئاماری سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی نزیکیان، زیاتر لە 740 کەسی سڤیلی عەلەوییان لە لازقییە و تەرتوس کوشتووە.
هەر بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو پێکدادانانەدا، 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە دیمەشق سەردانی مزگەوتێکی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت، 20 ساڵ لەمەوبەر نوێژی تێدا کردووە و رایگەیاند، "ئەم شۆڕشە لەم جۆرە مزگەوتانە سەری ھەڵداوە."
هاوکات، داوای کرد لایەنەکان یەکگرتوویی نیشتمانی بپارێزین، گوتی، "دەبێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزین. ئێمە دەتوانین بەپێی توانا پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین."
