ڕێباز حەملان: لەبەغدا پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێم کرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێباز حەملان، جێگری وەزیری دارایی فیدراڵ لە پەیامێكی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: مافی خەڵكی كوردستان لە پۆست و پلە و پایە زۆر گەورەترە، دەشڵێت: کە متمانەی جەنابی مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.
دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، ڕێباز حەملان، جێگری وەزیری دارایی فیدراڵ لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.
ئەو وتیشى :لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.
ئەوەش دەخاتەڕوو بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.
دەشڵێت: لەساڵی 2017 لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابى قانونى لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ دەستبەکاربونی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کردووە لە ئاستی زۆر باڵا، دەڵێت: دواتر لە ڕاگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکوومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەمووی جێبەجێ کردووە، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوو درێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغدا، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم ، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
ڕێباز حەملان نووسیویەتی: لەم ساڵی 2025دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن
بۆ جاری دووەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.
دەڵێت: لە کۆتایی مانگی یە، بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.
