بەغدا چاوی لە قەتەر و عومانە بۆ جێگرەوەی غازی ئێران

21 كاتژمێر لەمەوپێش
عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی غازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت.
حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "عێراق هەنگاو بەرەو قەتەر و شانشینی عومان دەنێت بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێرانی."
سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوور ئاماژەی بەوەش کرد "وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی غازی ئێرانی، حکوومەتی عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی بەکرێ دەگرێت. هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە کە جێگرەوەی گونجاو بۆ نەمانی غازی ئێرانی بدۆزێتەوە."
بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی دەفرۆشتە عێراق، بەڵام ڕۆژی شەممە، 08-03-2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
ماوەی چەندان ساڵە ئەمەریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵ بدات کەمتر پشت بە غازی ئێران ببەستێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا. بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشارە" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
