دەم پارتی: نەورۆزی ئەمساڵ، نەورۆزی ئاشتی دەبێت

21 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکێکی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە، نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ و مێژووییە و نەورۆزی ئاشتی دەبێت. دەشڵێت: ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع، لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت.
سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە.
تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە."
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد.
بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، ڕێککەوتنامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان گونجاوە،" و دووپاتیشی کردەوە "نەورۆزی ئەمساڵ لە پێناو گەیشتنی کورد لە سووریا بە مافەکانی و بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە پێناو کۆتاییهێنانی توندوتیژی زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت."
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، شاندی دەم پارتی دەستی بە گەڕێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."
