رێككەوتنێك، بۆ كورد دەرفەت و بۆ ئەحمەد شەرع دەربازبوون

سەرتیپ جەوهەر

23 كاتژمێر لەمەوپێش



🔻رێككەوتنەکەی نێوان كورد و دیمەشق، لەسەرەتای ئەمساڵدا كرابوو، بەڵام ئێستا راگەیەنرا.

🔻ئەحمەد شەرع بۆ داپۆشینی تاوانی كۆمەڵكوژیەكان رێككەوتنەكەی ئیمزاكرد.

🔻هێزەكانی سوریای دیموكرات وەكخۆی دەمێنێتەوە، ئاسان نییە تێكەڵكردنەوەی!

🔻ئەم رێككەوتنە فشاری توركیا لەسەر ئۆجالان سەبارەت بە رۆژئاوای كوردستان كەمتر دەكاتەوە

🔻چارەسەری پرسی كورد لە سوریا، گرێدراوی كۆی پرسەكانی دیكەیەی سوریایە، بەرێككەوتنێكی چەند خاڵی ناكرێت.

✍️ سەرتیپ جەوهەر

ئەو رێككەوتنەی لە نێوان مەزڵوم كۆبانیی و ئەحمەد شەرعدا كرا، پێشتر لەكۆبونەوەی فرۆكەخانەی زومێر لە سەرەتای ئەمساڵ كرابوو، بەڵام لەم چەند رۆژەدا بە هۆی تاوانی كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكانەوە فشارێكی زۆر گەورەی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەسەر ئەحمەد شەرع دروستبوو، بۆیە بەهەندێ گۆڕانكاریی و زیادكردنی چەند خاڵێك ڕێككەوتنەكە خرایە سەر كاغەز و ئیمزاكرا.

لەم كاتەدا شەرع پێویستی بە ڕووداوێكی گەورە هەبوو تاوەكو فۆكەس و تەركیزی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر كۆمەڵكوژیی و تاوانەكانی عەلەوییەكان لاببات و فشاری نێودەوڵەتیی و ناوخۆ كەمبكاتەوە. هەربۆیە دەبینین میدیای عەرەبیی بە تایبەت میدیاكانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر بەشێوەیەكی زۆر چڕوپڕ هەموو هەواڵێكیان لادا و بەرنامەكانیان تایبەتكرد بەو رێككەوتنە، تاوەكو چاوی دونیا لەسەر كۆمەڵكوژییەكە لاببەن كە تاوان و شەرمەزارییەكی زۆر گەورەبوو بۆ ئەحمەد شەرع و گرووپە چەكدارەكانی دەستەی تەحریری شام.

هەر بە هۆی ئەو فشارە زۆرەی ماوەی چەند رۆژی رابردوو ئەحمەد شەرع پێویستی بە هەواڵێك یاخود پێشاندانی دەستكەوتێك هەبوو تاوەكو توڕەیی شەقامی سوریا كەمبكاتەوە و پێشكەوتنێك پێشانبدات لە دۆخی سیاسی و ئەمنیدا، بۆیە هەموو تەركیزی میدیای عەرەبی لەسەر یەك خاڵی رێككەوتنەكەبوو ئەویش تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی قەسەدە بوو بە سوپای سوریا!

بۆ كورد پێشاندانی ئیمزای رێككەوتن گرنگی خۆی هەبوو، دەرفەتێك بوو بۆ پێشاندانی سەرەتایەكی نوێ‌. بۆیە ئەمریكیەكان كوردیان ئاگاداركردەوە كە دەرفەتێكی باش هەیە رێككەوتنەكە ئاشكرابكرێت و ئەحمەد شەرع ناچارە بێتەژێرباری هەندێك داخوازیی لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: یەكەمجارە لە مێژوودا كاربەدەستێكی باڵای سوریا ئیمزا لەسەر رێككەوتنێك بكات كە داننانی روون بێت بەكورد و رۆڵی کورددا لە سوریا.

دووەم: داننانی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بوو بە هێزەكانی سوریای دیموكراتدا وەك هێزێك كە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی سەربەخۆی هەیە دوور لە كاریگەری دەرەكی بەتایبەتیش تۆمەتی كاریگەری پەكەكە بەسەر ئەو هێزەوە.

سێیەم: ئەم رێككەوتنە ڕەنگە ببێتەهۆی دوورخستنەوەی رۆژئاوای كوردستان لەپەلاماردانی توركیا بەتایبەتیش لەبەنداوی تشرین و ناوچەكانی دیكە لەلایەن گروپە تیرۆرستییەكانی سەر بە توركیا.

چوارەم: ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان سەبارەت بە رۆژئاوای كوردستان، یان دەكرێت بڵێین دوورخستنەوەی رۆژئاوای كوردستانە لە هەر لێكەوتەیەكی رێككەوتنی نێوان عەبدوڵلا ئۆجالان و دەوڵەتی توركیا كە ناكرێت ئێستا وردەكارییەکەی بخرێتەڕوو.

دیوێكی دیكەی خوێندنەوە بۆ ئەم رێككەوتنە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

یەكەم: ئەم رێككەوتنە سەرەتایەكی باشە بۆ هەوڵی رێككەوتن، بەڵام خاڵەكانی رێككەوتنەكە گشتییە و نەخشەڕێی تێدا نییە بۆ چارەسەریی و یەكلاییكردنەوەی ئایندەی كورد و رۆژئاوای كوردستان. نەخشەڕێ بریتییە لە چارەسەری قۆناغبەندیی دیموكراتیانەی كێشەكان بە نوسینەوەی دەستورێكی هەمیشەیی بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان كە تێیدا گرەنتی ماف و بەشداریی حوكمڕانیی و بەركەوتەی نەتەوە و پێكهاتەكان بكات. ئەوەی دەبینرێـت تا ئێستا دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق نازانن چی دەكەن. نەخشەڕێیەكی واقعییان نییە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەشداری پێكهاتەكان، هاوكات لەبیرنەكەین چارەسەری پرسی كورد بەشێكە لە چارەسەری گشتیی بارودۆخی سوریا و گرێدراوی بارودۆخی گشتیی ئەو وڵاتەیە. بۆیە ئەم رێككەوتنە زیاتر لە بەیانێكی ئیعتیرافكردن دەچێت و هیچی دیكە نییە.

دووەم: زۆر زەحمەتە جێبەجێكردنی ئەو خاڵەی پەیوەندی بە بە تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای سوریاوە هەیە، چونكە ئێستا سوریا خاوەنی سوپا نییە تا هێزەكانی سوریای دیموكراتی تێكەڵ بكرێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین مومكین نییە. ئەوەی لە دیمەشق هەیە كۆمەڵێك میلیشیای گروپە چەكدارەكانن و هیچیتر، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێزێكی پڕچەكی نوێ‌ و بەدیسپلینن و ژمارەیان زۆر زیاترە لەو هێزەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای سوریا و جگە لەچەكی سوك و مامناوەند هیچی دیكەیان نییە.

تێكەڵكردنەوەی هێز پێویستی بەمیكانزمی ورد و بڕیاری پەرلەمان و دامودەزگای شەرعیی و یاسا هەیە، ئەوەی لەم رێككەوتنەدا هاتووە تەنها بۆ هێوركردنەوەی شەقامە، ئەگینا زۆر زەحمەتە هیچ شتێك بكرێت. ئەگەرچی پێشتر بیرۆكەیەك هەبوو كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چوارچێوەی یەكەیەكی سەربازیی جێگەیان بكرێتەوە و ئەركی پاراستنی رۆژهەڵاتی فوراتیان بێ‌ بسپێردرێت، بەڵام ئەمەش جارێ‌ زەحمەتە، چونكە پێویستی بە بڕیار و میكانزمی شەرعی هەیە.

سێیەم: رستە و دەستەواژەكانی رێككەوتنەكە گشتگیر و عمومین، بە رێككەوتنەكەوە دیارە تەنها بۆ بارودۆخێكی تایبەتە. چۆن ئەحمەد شەرع بۆ بەتاڵكردنەوەی توڕەیی شەقام و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت سودی لێ‌ ببنێت، ئاوهاش بۆ كورد بۆ ئەم قۆناغە سودی هەیە ئەگینا جێبەجێكردنی زۆر زەحمەتە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار