دیسان بە بیانووی پەیامەکەی ئۆجالان: تەڵەزگەی گۆڕان و پاراستن!

ڕزگار شەوکەت

23 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕزگار شەوکەت

پەیامەکەی ئۆجالان بە شێوەیەک بەیانی کێشەی نێوان گۆڕان و پاراستنیش بوو، ترس لە ئاشبەتاڵ ترسە لەوەی هیچ نەمێنتەوە، باقی نەمێنێتەوە، هەمووی بە بادا بچێت، ترسەکە هەر ئەمە نییە، مانەوە و چەقینیش هەر بەڵایە، بە واتایەک هونەر و کارامەیی ئەوەیە کە چۆن پەیوەندی ئەو دووانە ڕێک دەخەیت، چۆن  بوون و کەلتووری خۆت دەپارێزیت بەبێ ئەوەی وشک و ڕەق هەڵبێیت، یان مل بە گۆڕانکارییەوە دەنێیت  بەبێ ئەوەی هەموو بوونت مەسرەف ببێت و هیچت لێ نەمێنێتەوە؟ ئەمە ئەو پانتاییە ئاڵۆزەیە کە ئۆجالان کاری تێدا کردووە.

بەشێکی زۆر لە هێڵە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو قەیرانەدا چەقیون، ئیسلامی سیاسی شیعی لە فۆرمی ستەمکاریدا دەردەکەوێت و ناتوانێت تێیپەڕێنێت، ئیسلامی سیاسی سونیش لە شێوەی بەربەریزمدا نمایان دەبێت و لەو بازنە بەتاڵەدا دەخوولێتەوە، بەو شێوەیەش شکستی ئیسلامی سیاسی لەو شوێنەدایە کە پێچەوانەی بانگەشەی ئومەمی بوون، تەواو ئیتنیکی و ڕەگەزپەرست و تایفییە، ئەوەش وایکردووە لە هیچ دۆخێکدا نەتوانێت نیشتمان بە هەموو فرەیی و ئاڵۆزییەکانییەوە لەخۆ بگرێت، توڕەیی و گرژییەکەی وایکردووە تەنها لە شێوەی بەربەریزم و دڕەندەخووییدا قابیلی جێبەجێکردن بێت، داعش، تاڵیبان، جۆلانی نموونەی ترسناکی ئیسلامی سیاسین لە دەسەڵاتدا.

لە بەرامبەردا، گوتاری نوێبوونەوە و مۆدێرنە و هەموو ئەوەی لە ڕۆژئاواوە هاتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمووی وەک تەنێکی نامۆ کاریکردووە، نەچووەتە ڕیشە و چنراوی کۆمەڵایەتی و تەنها لە لایەن گرووپێکی سنوردارەوە بۆ دەسەڵاتخوازی و چەوساندنەوە بەکارهێنراوە، ئەویش لە ڕێگای دەزگای دەوڵەت و سوپا و دامەزراوەی دیکەی داپڵۆسێنەرەوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدساڵی ڕابردوودا گیرۆدەی ئەو دوو ڕێگە و ڕێبازە بوو، یەکێکیان زیندانیکردنی کۆمەڵگا لە ڕابردوودا، ئەویتریش توڕدانی ڕابردوو، حسێب نەکردن بۆ سەرجەم مێژووی کەڵەکە بووی ناوچەکە و بێنرخ تەماشاکردنی کەلتووری هەزاران ساڵەی ناوچەکە، ئەمەش وایکرد نەتوانێت بکەوێتە کارلێک و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای مێژوویی ناوچەکە و بەهاکانی.

شرۆڤە و شیکاری ئۆجالان پەیوەندی ئاڵۆز و پڕقەیرانی نێوان گۆڕان و پاراستنە، بەواتایەکی دیکە چی دەپاریزت و چی دەگۆڕیت، دەست بە چییەوە دەگریت و باوەش بە چیدا دەکەیت؟ کێشە بنەڕەتییەکە ئاڵۆزی پەییوەندی ئەو دوانەیە، لە لایەک دانەوەی قەرزی ڕابردوو و ئازادکردنی ڕەگەزە ڕزگارکەرەکانی، بەبێ چەقین و پیرۆزکردنی هەموو ڕابردوو، هاوکات بەبێ ئەوەش بەبێ ڕیشە خۆی بهاوێتە سەر داهاتوو، هێنانەوە و ڕزگارکردنی ئەو ڕەگەزانەی ڕابردوو کە قابیلی ڕزگارکردنن، بەبێ چەقین و وشکهەڵگەڕان لە ڕابردوودا، هاوکات بەبێ ئەوەی بە دەستی پەتی و ڕووت و ڕەجاڵی خۆی ڕادەستی داواکارییەکانی مۆدێرنە بکات، نەرم و لەسەرخۆ بە نێواندا هاتووە، ئۆجالان بەکاریگەری و هێزی عەقڵانییەت و ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوایی بژاری ڕەگەزە دواکەوتوو و ڕزیو و کۆنەپەرستانەکانی کەلتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەبێ دەستبەردان لە پارچە ساغڵەم و کاراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کارە سەختەکە ئەوە نییە بە ڕەهایی دەست لە ڕابردوو هەڵگری، ئەوەش نییە، بە هەموو بوونت باوەش بە ڕابردوودا بکەی، ئۆجالانیش وای نەکردووە، ڕێک بژاردە قوورسەکەی قبووڵ کردووە، کە بریتییە لە خوێنی دڵی نێوان گۆڕان و مانەوە لە یەک کاتدا، پاراستنی کەلتوور و هاوکات بەبەرد نەبوونیش لە یەک کاتدا، ئەمەش بەیارمەتی ئەو گیراوە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیییەی کە ئاپۆ ناوی لێناوە مانیفیستۆی شارستانی دیموکراتی.

لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی نموونەیەکی باشن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو سەرنجەی سەرەوە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، پارتی وەک نموونەی نەگۆڕان و دیلکردنی کۆی حیزبەکە بۆ بنەماڵەیەکی نەریتپارێز و بەجێماو و ڕازیبوون تەنها بە هەندێک نوێبوونەوەی ڕووکار و پاراستنی ناوکێکی ڕەق و لە گۆڕان بەدەری بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە، یەکێتی دیوی پێچەوانەی ئەزموونی پارتییە، یەکێتی ئێستا هیچی لەوەی ڕابردوو ناچێت، هەموو شتێکی گۆڕاوە، حیزبێک کە خاوەن بنەڕەتێکی چەپانە و سۆسیالیستی بوو ئێستا گۆڕاوە بۆ مشتێک بانگەشەی دۆنکیشۆتی و بێ بنەما.

ئەگەر بە دیدگای ئاپۆ داوەری لەسەر یەکێتی بکەین دەتوانین بڵێین ئەوەی لە یەکێتیدا ڕوویداوە گۆڕان نییە، بەڵکو مەسخبوونە، ئەوەی پارتیش ڕەقبوونە، یەکێتی هیچی لێنەماوەتەوە جگە لە ناوەکەی، پارتیش هیچ نەگۆڕاوە تەنانەت ناوەکەشی، ڕەقی و عینادی پارتی و ملنەدان بۆ هیچ داوکارییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سەربە نەریتی زەینی خێڵەکی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی پارتییە، سەر بە نەریتێکی کۆن و وشکهەڵاتووە کە پیاو نابێت لە قسەی خۆی پەشیمان بێتەوە، بە واتایەکی دیکە گەر ئیلاهیاتی دینی بەکار بێنین، پارتی جەوهەرەکەی نەگۆڕاوە، ئەوە تەنها عەرەزی پارتییە کە گۆڕاوە، ناوکە کۆنەپارێزەکەی پاراستووە و ڕووکارەکە نوێ بووەتەوە، دەرکەوتە نوێ و درەوشاوەکانی وەک ئاڤا میدیا و ڕووداو، تەنها ڕووکارن، عەرەزن، خزمەتی ناوک و جەوهەرەکە دەکەن کە نەگۆڕاوە.

ئۆجالان و بزووتنەوەکەی گۆڕاون بەبێ ئەوەی مەسخ بن، جۆرێک گۆڕان کە هیگڵ پێی دەڵێت ئاوفهێبوونگ (Aufhebung) گۆڕان و پاراستن لە یەک کاتدا، تێپەڕاندن و پاراستن، ڕەدکردنەوە و بەرزکردنەوە لە هەمان کاتدا، هەڵوەشاندنەوە و درێژەپێدان لە هەمان کاتدا، ئەم تایبەتمەندییەش نەریت و پارادایمی ئۆجالانی گۆڕی بۆ هێڵی سێیەم، نە داخران و کۆنەپارێزی، نە تەسلیمبوونی ڕەهاش بە مۆدێرنە، بەڵکو گرێدان و ئاوێتەکردنی ئەو دووانە، ئۆجالان ئەوەی ناو لێناوە نەرمی و ئامادەیی بۆ گۆڕان، هەڵبەت جارێکی دیکە گۆڕان نەک بەدگۆڕان.

ئۆجالان هەر بە لۆژیکی ئاوفهێبوونگ کوردیشی گۆڕی، پێشتر کێشەکە ئەوە بوو کورد کێیە؟ نەوەی لۆلۆییە؟ کاردۆخە؟ یان میدی و میتانییە؟ ئەو ڕوانگانەش هەموویان جۆرێک تێگەیشتنی تەسک و ڕەگەزی بوون و کوردیان لە کێشە و بنبەستەکانی ڕزگار نەدەکرد، تا ئەوکاتەی ئۆجالان هات و وتی کورد پرۆسەیە، واتا کوردی لەو چوراچێوە سنووردارە هەڵگرت و خستییە سەر ڕەوڕەوەی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم دیالەکتیکە نوێیەدا کورد زیاتر لەوەی خێڵ و عیرقێکی تایبەت بێت، مانا و کارلێکی واتاییە، ئۆجالان کوردی کرد بەو گەلەی کە عەوداڵی ژیانی ئازاد و یەکسانی و قبووڵکردنی فرەییە، ئەوەشی بە وتە و دروشم نەکرد، بەڵکو بە شیکاری قووڵ و هەمەلایەن و گرێدانیشی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەنجامدا، کە هەموو لاینەکانی یەکتر تەواو دەکەن.

هەر خۆی ئاوفهێبونگ یانی نەفی، پاراستن، بەرزکردنەوە، نەفی و ڕەدکردنەوەی کوردی عیرقی و تەقلیدی، پاراستنی ڕەگەزە زیندوو و ژیانی و پڕماناکانی کوردبوون، هاوکات بەرزکردنەوەی بۆ ئاستێکی ژیاری بەرزتر و سپاردنی بە داینامیکێکی کۆمەڵایەتی و شارستانی نەرم و قابیلی گۆڕان،   پرۆسەی نەفی و پاراستن و بەرزکردنەوە کردەیەکی میکانیکی وشک نییە، وەک ئاوێتەی کیمایی ڕەگەزەکان کارلێک لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئایین و عەشیرەت و کەلتوور، کورد و گەلانی ناوچەکە، هەموو ئەمانە لە فەلەک و جیهانەکەی ئۆجالاندا لە جووڵەدان و ئەوەش شوناسێکی زیندوو گۆڕاو سەرپێ دەخات کە هەمیشە کراوەیە بۆ گۆڕان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار