ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبویەوەو باسی مووچەى هەرێم نەکرا

15 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
لەکاتێکدا هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 ڕێککەوتنیان هەیە و هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی دوو فەرمانبەرانی نەناردووە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەندین بڕیار دراون، بەڵام هیچ یەکێک لەو بڕیارانە پەیوەندیان بە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هاوڵاتیانى کوردستانەوە نەبووە.

هەموو سێشەممەی هەفتەیەک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆی ئەو پرسانە دەکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان ژیانی خەڵکەوە هەیە.

لەلایەکى دیکەوە، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە داوای دووبارەکردنەوەی وردبینی لە لسیتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ئەوەى ئاشکرا کرد "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە لیستی مووچەی ناردووەتەوە بۆ وردبینی، سەرباری ئەوەی لیستەکە گرفتی نەبووە".
 
ئەو لیستەی داوای وردبینی کراوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیاربوو بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو، کەمترە لەو بڕەی حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بۆ هەرێمی کوردستانی نارد، کە 958 ملیار دینار بوو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار