فەرماندەیەکى هەسەدە: چەکەکانمان تەسلیم ناکەین

2 مانگ لەمەوپێش
سەرکردەیەکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت پێویست بە تەسلیمی چەکەکانمان ناکات، بەڵکو دەخرێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە.
لەچاوپێکەوتنێکیدا مەحمود حەبیب سەرکردە لەهێزەکانى هەسەدە، لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بەوەى چۆن لەگەڵ سوپاى نوێى سوریا کاردەکەن و تێکەڵ دەبن، پێکهاتەکە چۆن دەبێت، ئایا هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنها لەو ناوچانەدا دەمێننەوە کە ئێستا تێیدان یان بەهەموو سوریادا بڵاودەبنەوە.
مەحمود حەبیب سەرکردەى هەسەدە وتى: ئەو هەوڵە هاوبەشەی کەبۆیەکگرتنەوەى هێزەکان نراوە هێشتا خەریکى بەدواداچوونن بۆ هەموو ئەو پرسانە، سەبارەت بەپرسیارەکەش، ئەم کارە ئێستا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناکات و خزمەت بە بەرژەوەندی سەربازی ناکات، تەنانەت لەسەر ئاستی نیشتمانیش.
ئەو جەخت لەسەر ئەوەکردەوە، ئێستا ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت چونکە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات، وتیشى: ئەم سەرکردایەتییە پلەبەندییە دەتوانێت سەرکردایەتی بکات و دە ساڵە سەرکردایەتی دەکات و ئێستا ناتوانرێت جێگەی بگرێتەوە.
سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: سەبارەت بە ڕیزەکان و پلەبەندی سەربازیش، ئەوانە ناتوانرێت لە ئێستادا بگۆڕدرێن و ناتوانرێت دەستبەردار بکرێن ئەمەش یەکێکە لەو هێڵە سورانەی کە ئەگەر ڕووبدات کاریگەرییەکەی نەرێنی دەبێت لەسەر دیموکراسی و لەسەر ئاسایشی گشتی لە سوریادا .
مەحمود حەبیب لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: باشترین شت لەم ڕێککەوتنەدا ئەوەیە کە ئەم هەوڵانە و ئەم ئەزموونانەى هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات سودیان لێ وەربگرێت، و لێرەدا پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هێزانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبێت لە باقی جوگرافیای سوریادا.
سەرکردەکەى هەسەدە وتیشى: هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوەنی پلەبەندییەکی بەهێزی فەرماندەیی و ئەزموونێکی بەرفراوانن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەروەها توانای پاراستنی ئاسایشی ناو شارەکان و بەدرێژایی سنوورەکانیان هەیە، پێیوابوو ئەم ئەزموونە دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی سوپای سوریای داهاتوو
