موسکۆ دەڵێت 9 هەزار سوریى پەنایان بردووەتە بنکەی ئاسمانی ڕووسیا

21 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند نزیکەی نۆ هەزار کەس لە ترسی توندوتیژییە تائیفییەکانی سوریا، پەنایان بردووەتە بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی ڕووسیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لازقییەی سوریا.
حەمیمیم یەکێکە لەو دوو بنکەی سەربازییە لە سوریا کە ڕووسیا سەرەڕای ڕووخانی هاوپەیمانەکەی، بەشار ئەسەد، هیواخوازە بیپارێزێت.

ماریا زاخارۆڤا ڕۆژی پێنجشەممە،13ی مانگی سێ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەوان بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕان و ئاسانە لەوەی تێبگەیت کە ئەوە مەسەلەی ژیان و مردنە" و ئاماژەی بەوەشکرد زۆربەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی پەنایان بردووەتەوە ئەو بنکەیە، ژن و منداڵ بوون.

توندوتیژی تائیفی لە سوریا هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان لە دژی چەکدارانی عەلەوی سەر بە ئەسەد بەرەوڕوو کردووەتەوە. بە گوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ تا ئیستا بە سەدان هاووڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژراون.

ڕووخانی ئەسەد کە مۆسکۆ ساڵانێک بوو لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لێدەکرد، گورزێکی قورسی لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
ڕووسیا هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا لە سەردەمی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا دروست بکات و ئایندەی بنکەی حەمیمیم و دامەزراوەی دەریایی تەرتووس تا ئێستاش ناڕوونە.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد ڕووسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و پارێزراوبوونی هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی لە سوریا، هاوکات لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و تورکیا و ئێران لە پەیوەندییەکی کارادایە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت سەقامگیری درێژخایەنی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد ڕووسیا بەهۆی ئەو توندوتیژییانە تووشی شۆک بووە و هیوای خواست تاوانباران سزا بدرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار