پێش نەورۆز شاندی دەم پارتى سەردانى ئیمرالی دەکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمرالی دەم پارتی پێش نەورۆزی ئامەد سەردانی ئیمرالی بکات و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات و بە پەیامێکەوە بگەڕێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان، زانیاری نوێی لە بارەی سەردانی نوێی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دوای تەواوکردنی هەموو ئەو کار و چالاکییانەی کە دەم پارتی لە نەخشەڕێگاکەیدا پێشتر بڵاویکردووەتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری جەماوەریی لە خۆدەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمرالی دەم پارتی جارێکی دیکە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات.

ئەوەش زانراوە، شاندەکە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ سەردانەکەی ئەنجام دەدات و بە پەیامێکەوە دەگەڕێتەوە. هێشتا ڕوون نییە کێ لە شاندەکەدا جێ دەگرێت.

لە ٢٧ـی شووبات، شاندێکی حەوت کەسی کە هاوسەرۆکانی دەم پارتیشی تێدابوو، سەردانی ئیمرالییان کرد و دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، هەمان ڕۆژ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” بڵاوکردەوە، پاشان لە ١ـی ئادار، پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند.

دواتر دەم پارتی نەخشەڕێگایەکی بڵاوکردەوە و لە چوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا، بڕیاریدا لانیکەم لە ١٠١ شار و شارۆچکەدا دیداری جەماوەریی ڕێکبخات و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ پارتەکانی تورکیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجام بدات.

هەروەها دەم پارتی لە ١٧ـی ئادار لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کۆدەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەم پارتی دوای دیدارەکەی لە ئیمرالی، لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی یان نەرێنی و بەروارەکەی نەزاندراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار