تورکیا، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لەئامێدی تەقاندەوە
.png)
3 ڕۆژ لەمەوپێش
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، ڕایدەگەیەنێت دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى ئاشکراکردوە، لە کاتژمێر ١:١٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژى سێ شەممە ٢٥ - ٣، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن.
ئەو دەشلێت: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەوە سوپای تورکیا، بارەگایەکی سەربازی لە گوندی سگێرێدا دروستکردووە کە بەهۆیەوە تەواوی دانیشتووانی گوندەکە، گوندەکەیان بەجێهێشتووە.
کامەران عوسمان ئەوەشى خستەڕوو لە ئێستادا لە گوندەکانی دەوروبەر و قەزای ئامێدی و پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێن.
ئەندامەکەى ڕێکخراوی سی پی تی ئەوەشى نوسیوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئەوە دووەمجارە کە سوپای تورکیا ئەشکەوتەکانی سنوری قەزای ئامێدی بەئامانج دەگرێت.
لە 15.6.2024ـەوە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى نوێى بۆسەر خاکى هەرێم دەستپێکردووە
سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە
71 بنکە و بارەگاى سەربازیان کردووەتەوە
لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لەم ژمارەیە 526 هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك، 405 هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێر، 135هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون.
