ئەوروپیەکان هۆشدارى توندیان داوەتە ئەحمەد شەرع

5 ڕۆژ لەمەوپێش
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، وڵاتانی ئەوروپا بە وردی چاودێری سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع دەکەن لە سوریا، داوای ڕێوشوێنی توند دەکەن بەرامبەر بە "جیهادیەکان" کە بەرپرسن لە كۆمەڵكوژی عەلەویەكان لە كەناراوەكانی ئەو وڵاتە، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە دامەزراوەكانی کاریگەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش یان قاعیدە.
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، لە (١١)ی ئازاردا، کۆبونەوەیەکی رانەگەیەندراو لە دیمەشق بەڕێوەچووە، کە سێ دیپلۆماتکاری ئەوروپی و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بەشداربوون.
وەفدەكەی ئەورووپا سوریایان ئاگادار کردەوە کە، ئەولەویەتی سەرەکی جڵەوكردنی چەکدارە جیهادییەكانە، هۆشداریشیانداوە لەوەی، هەنگاوی یەکلاکەرەوە نەگیرێتەبەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی تازەی سوریا رەنگە ببێت بەهەڵم.
هۆشداریی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەكاتێكدایە، پێشتر رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەمریكا لیستێك مەرجی رادەستی سوریا كردووەو دەیەوێت لەبەرامبەر سوككردنی بەشێك لە سزاكان، دیمەشق پابەند بێت بەو مەرجانەوە.
ناتاشا فرانشیسكی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لیستی داواكارییەكانی رادەستی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا كردووە، ئەمەش لە كۆبونەوەیەكی تایبەتدا لە پەراوێزی كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخشی سوریا لە برۆكسل كە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
یەكێك لە مەرجەكانی ئەمریكا بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەوەیە خەڵكانی بیانی پۆستی باڵا لەناو حكومەتی سوریادا وەرنەگرن (مەبەست لە شەڕكەرە بیانییەكانە لەریزی هێزەكانی دەستەی تەحریر شام لە رێبەرایەتی ئەحمەد شەرع)؛ رۆیتەرز دەڵێ سوریا بەكردەیی ژمارەیەك ئیگۆرو ئوردنی و توركی لە پۆستەكانی وەزارەتی بەرگریدا داناوەو ئەمەش نیگەرانی حكومەتە بیانییەكانی لێكەوتوەتەوە.
مەرجێكی تری ئەمریكا بۆ سوككردنی سزاكانی سەر سوریا ئەوەیە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق هەر ئەمبارێكی چەكی كیمیاویی كە مابێتەوە لەناوببات و لەبواری روبەڕووبونەوەی تیرۆردا هاوكار بێت.
