یەپەگە لە بارەی كشانەوە لە حەلەب ڕونكردنەوە دەدات

4 ڕۆژ لەمەوپێش
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، "بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەمان بە فەرمی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی نێوخۆ کرد؛ کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکەن."
یەپەگە دەڵێت: "سەرکەوتووانە بەشێکی هێزەکانمان کشاندنەوە ئەو هێزانەی لەوێ ماون لە چەند رۆژی داهاتوو قۆناخ بە قۆناخ سەرلەنوێ بڵاودەکرێنەوە."
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشینی شاری حەلەب بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. دەشڵێت، "کشانەوەی بەشێکی هێزەکانمان تەواو بوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە".
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سوریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەستهێناوە، ڕۆڵێکی چارەنوسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاستکردەوە، چونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن.
ئەوەشی خستەڕو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.
