كه‌جه‌كه‌: تا ‌هێرشەکانی تورکیا بەردەوامبن، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەوە نابەستین

دوێنێ



 

كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تا ‌هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەریان بەردەوامبن، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەوە نابەستن"، هۆشداریشده‌دات‌و ده‌ڵێت:"ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن".

مستەفا قه‌ره‌سو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بتوانێت کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت، پێویستە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەریان ڕابگرێت‌و خودی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لانیش کۆنگرەکە بەڕێوە ببات.

قه‌ره‌سو بەپێویستى زانیوه‌، "دەسەڵات قسەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەکە بەجێبگەیەنێت‌و پەرلەمان پرۆسەکە بخاتە نێو چوارچێوەی یاسایی، چونكه‌ ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لەعەبدوڵڵا ئۆجه‌لان کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوه‌بوو، لە 27ی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێت‌و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

ماڵپەڕی خەبەرتورک لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندوە، چاوەڕێدەکرێت لەمانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوەبچێت، بەرلەوەش وه‌فدى ئیمراڵیی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاریدەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار