چالاکوانێکی کورد لە باكورى كوردستان دوای 30 ساڵ زیندانی ئازادکرا

یەک هەفتە لەمەوپێش
سەدات ئاڤشار چالاکوانی کورد لە باکورى کوردستان، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندانی دیلۆک (عەنتاب) ئازاد کرا و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە سەدات ئاڤشار کە 30 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا، ئەمڕۆ 7ی نیسان ئازاد کرا.
لە دوای ئازادبوونی لە بەردەم زیندانەکە لە لایەن کەسوکاری و بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە و چالاکوانانی تەڤگەرا ژنانێن ئازادەوە پێشوازی لێ کرا.
دواتر ئاڤشار لەگەڵ کەسوکاری بەرەو شارۆچکەی مەزرێ (بیسمیل) لە پارێزگای ئامەد بەڕێکەوت.
سەدات ئاڤشار لە 1995 لە شارۆچکەی کوشئاداسی لە پارێزگای ئادین کە دەکەوێتە خۆرئاوای تورکیا دەستگیر کرا. دواتر ڕەوانەی ئامەد کرایەوە و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا.
لەوێش بە تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا. ماوەی 30 ساڵی زیندانیکردنی لە زیندانەکانی ئامەد، چانکری، یۆزگات، سێرت و دیلۆک بەسەر برد.
ئازادکردنی سەدات ئاڤشار لە کاتێکدایە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر (2ی نیسان) تارق تاش کە دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان 24ی ئابی 2024 ئازاد کرا، بە هۆی نۆرەی دڵەوە لە ئادانا گیانی لەدەستدا.
پێنج ڕۆژ لەمەوبەر نامەت ئەریپەک و حەوت ڕۆژ لەمەوبەر عەبدوڵڵا ڕوزگار'یش ئازاد کران کە ماوەی 30 ساڵ بوو زیندانی کرابوون.
مانگی ڕابردوویش دوای بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، ئەحمەد ئادڵ ئازاد کرا.
