چالاكیەكانی داعش لە سوریا زیادیكردووە

یەک هەفتە لەمەوپێش
خاكی سوریا بەمدواییە جموجوڵی نیگەرانكەر بەخۆوە دەبینێت، كە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی ڕێكخراوی داعش، دوای ساڵانێك لە پاشەكشە.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە: بەپێی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی و ئەمەریكیەكان، دووبارە داعش دەستی بە چالاكی كردووەتەوە، كە خۆی دەبینێتەوە لە چەند هێرشێك و بە چەكداركردنی ژمارەیەك لە خەڵكی سوریا، ئەمەش ترسی زیادكردووە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی نائارامیی وڵاتەكە، لەكاتێكدا زیاتر لە دەیەیەكە بەهۆی جەنگ و ململانێوە دەناڵێنێت.
ئەمەریكا لە هەنگاوێكی پێشوەختەدا، پێش ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، بوونی سەربازیی خۆی لە سوریا بۆ دوو هێندە زیادكردووە، ئێستا نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە سوریا هەیە، دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەدیش چەندین هێرشی ئاسمانیی كردەسەر بارەگاكانی داعش لە بیابانی سوریا، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم هێرشانە بەس نین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەگی تیرۆر، چونكە هێشتا داعش خاوەنی گەنجینەیەكی ستراتیژییە، ئەویش بوونی هەزاران ئەندامی توندڕەوی دەستبەسەركراوە لە زیندانەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەپێی ڕاپۆرتەكان، داعش هەوڵدەدات نزیكەی نۆ بۆ 10 هەزار ئەندام و لایەنگری خۆی لە زیندانەكانی سوریا ئازاد بكات، لەگەڵ نزیكەی 40 هەزار كەس لە خێزانەكانیان لە كامپەكان، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەكی مەعنەوی و بانگەشەیەكی گەورە بۆ ڕێكخراوەكە و ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی.
لەوبارەیەوە، كۆلین كلارك، سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە كۆمەڵەی "سوفان" دەڵێت "ئەو زیندانانە كۆگایەكی مرۆیین كە دەتوانێت دووبارە ڕێكخراوەكە بەشێوەیەكی توندتر ڕێكبخاتەوە".
بەپێی ڕاپۆرتێكی هەواڵگری ئەمەریكا كە بەمدواییە خراوەتەبەردەم كۆنگرێس، داعش هەلی ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد و ڕووداوەكانی دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمەشی قۆستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەپێناو ئازادكردنی ئەندامەكانی و دووبارە ڕێكخستنەوەی توانا سەربازیی و لۆجیستییەكانی.
ئەو گروپانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد هاتوونەتەسەر دەسەڵات ناتوانن بۆشایی ئەمنیی پڕبكەنەوە
لەلایەكی دیكەوە ترس هەیە كە ئەو گروپانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد هاتوونەتەسەر دەسەڵات لە سوریا بتوانن بۆشایی ئەمنیی پڕبكەنەوە، هەرچەندە هەواڵگری ئەمەریكا دەڵێت چەند هەوڵێكی داعش لە دیمەشق شكستیپێهێندراوە، بەڵام ڕووداوە تائیفییەكانی ئەمدواییەی سوریا دەریدەخات كە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنییان نییە.
لەچوارچێوەی ئەو دیمەنە ئاڵۆزەدا، ڕاپۆرتەكان دەریدەخەن، ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە كە ڕەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قاعیدەی عێراق، ئێستا تەنها مەترسییەكی ڕابردوو نییە، تەنها لەساڵی 2024 دا بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی 294 هێرش لە سوریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ساڵی پێشووتر تەنها 121 هێرشی ئەنجامداوە، بەڵام لیژنەی چاودێری نێودەوڵەتی ژمارەكەی بە 400 هێرش خەمڵاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵكشانێكی مەترسیدار لە ناوچەكە.
دوودڵی هەیە كە سیناریۆ خوێناوییەكانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت كە لە ڕابردوودا بەهەمانشێوەی ئێستا دۆخی ئاڵۆزی سوریای قۆستەوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكەی و داگیركردنی خاكێكی بەرفراوان لە سوریا و عێراق، دواتریش چەندین كۆمەڵكوژی ئاشكرای ئەنجامدا.
لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەڕێوەدەبرێت، زیندانەكانی داعش و كامپەكان لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی تونددان، بەڵام هێرشی گروپەكانی سەر بە توركیا لەماوەی ڕابردوودا كە ئێستاش ناوبەناو بەردەوامە، فشارێكی زۆری بۆ دۆخی زیندانەكان دروستكردووە.
