هاکان فیدان: لە سووریا نیازی شەڕوپێکادانمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە

یەک هەفتە لەمەوپێش



 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لە سووریا نیازی شەڕوپێکدادانیان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیلیش بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ناسەقامگیریی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت''.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی چوارشەممە، 9ی نیسانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ''ئێمە وەک تورکیا، لە سووریا نیازی شەڕوپێکادانمان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ وڵاتیکی دیکە نییە''. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەڵێت، ''ئاژاوەنانەوە بە مەبەستی هەندێک ئامانجی ناوچەیی لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، جێگەی قبووڵ نییە. ئەمە ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت''.
 
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە زۆر بواری پێویستدا لە چوارچێوەی رێککەوتنی دوولایەنە دەتوانێت پاڵپشتی لە سووریا بکات. ''ئەگەر سووریا سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی، هەست بە بوونی کێشەیەک بکات و بیەوێت لەگەڵ هەر وڵاتێک رێککەوتنێکی ناوچەیی واژۆ بکات، ئەمە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە''.
 
لە وەڵامی پرسیاری ''ئەگەر سووریا بیەوێت رێککەوتنی بنکەی سەربازی لەگەڵ تورکیا واژۆ بکات، تورکیا ئامادەیە بۆ ئەمە؟'' فیدان گوتی، ''بۆ هەر بابەتێک کە لە بواری ئاسایشدا خزمەت بە هاوئاهەنگی و پەیوەندیی دووقۆڵیمان بکات، ئامادەین''.
 
سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەبارەی سووریا، فیدان گوتی، ''ئێمە پێشتر لە سووریا میکانیزممان بۆ پێکدانەدان لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا و ئێران هەبوو. نموونە؛ من لێرە ئۆپەراسیۆن دەکەم، بەڵام لەگەڵ هێزەکانی تۆ خۆمان بەیەکدیدا ناکێشین، ئامانجەکەی من دیارە. ئێمە کاتێک لە سووریا ئۆپەراسیۆن دەکەین، جا لەڕێگەی ئاسمانییەوە بێت، یاخود بەشێوەی دیکە، هاوشێوەی ئەو وڵاتانە، لە دۆخێکی وەهادا پێویستە ئیسرائیلیش بخرێتە نێو میکانیزمەکە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەمە، دەتوانم بڵێم؛ لەسەر ئاستی تەکنینی پەیوەندیی راستەوخۆ هەیە''.
 
رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، ئیسرائیل چەندین پێگەی لەنێو سووریا بۆردوومان کرد.
 
هاکان فیدان ''رەتیکردەوە'' هیچ هاووڵاتیێکی تورکیا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا گیانی لەدەست دابێت. لەبارەی بوونی بنکەی سەربازیی تورکیاش لە سووریا گوتی، ''ئێمە هیچ بنکەیەکی سەربازیمان نییە کە رامان گەیاندبێت."
 
لەبارەی رۆژی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا لەمبارەیەوە قسە دەکرێت. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک دەکرێت، دەکرێ لە تورکیا بێت دەشکرێ لە ئەمریکا بێت''.
 
لەبارەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان فیدان گوتی، ''حکومەتی بەغداد لەبارەی چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا زۆر خەمخۆر نییە. ئێمە لەم بابەتە لەگەڵ ئەربیل [هەولێر] قسە دەکەین، هەوڵدەدەین هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکەین. نزیکەی 700 گوند لە ژێر داگیرکاریی پەکەکەدایە، بنەماڵەی بارزانیش ئەمە دەڵێت. ئەمانە پێویستە لەلایەن پێشمەرگەوە کاریان لەسەر بکرێن''.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ''بەڵام شنگال و مەخموور، ناوچە جێناکۆکەکان و دەرەوەی ئەو ناوچانە، پێویستە لەلایەن حکومەتی  فیدراڵییەوە، هەوڵی بۆ بدرێت''.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار