ڕۆژنامەی العربي الجدید: لە توركیا ئەحمەد شەرع نێچیرڤان بارزانی دەبینێت

2 مانگ لەمەوپێش
سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عێراق ئاشكرایانكردووە، بەرپرسانی تورکیا ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریاو بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، کە شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە رۆژنامەی (العربي الجدید) راگەیاندووە، لایەنی تورکی زەمینەسازی دەكات بۆ کۆبونەوەی لاوەکی لەنێوان بەرپرسانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا.
ئەو بەرپرسە، وتوشیەتی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا له پەراوێزی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئه نتالیا، شه ممه ی داهاتوو، سەرپەرشتی ئەم بابەتە دەكات، که شەرع تیایدا ئامادە دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكردووە، چەند رۆژێکە لایەنی تورکیا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، بەڵام تا تائێستا ئەو بابەتە لەلایەن سودانی یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەوەی لە ئێستادا دڵنیایە ئەوەیە، کە بەرپرسانی دیکەی عێراق، وەك فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرع دەبینن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەرچەشنە نزیکبونەوەیەک لەگەڵ سوریای نوێ، روبەڕوی فشاری هاوپەیمانەكانی ئێران دەبێتەوە.
بەوتەی چاودێران، رەنگە سودانی ئەم کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە، بۆ ئەوەی زیانی سیاسی لە ناوخۆی عێراق پێنەگات لەلایەن هاوپەیمانەکانی تاران، بەتایبەتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک نوری مالیکی و، قەیس خەزعەلی.
ئەو هەوڵانەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە، لە چوارچێوەی خواستی ئەنكەرەدایە، بۆ خولقاندنی کەشوهەوای هاوکاری نێوان بەغدا و دیمەشق، کە وابكات بە قازانجی خۆی ئاڕاستەی بكات لەسەر پرسی کورددا، هەروەها لە بواری ئەمنی و تەنانەت دۆسیەیەی ئابوریش.
