گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەکشێنەوە

4 مانگ لەمەوپێش



 

وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەردەکرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، ترسی تورکیا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان کشانەوەی گروپەکانی خێراتر کردووە.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان کەمکردووەتەوە و زۆربەی بنکەکانی ناوەندی شارەکەیان چۆڵکردووە، تەنها چەند گروپێکی بچوکیان بەشێوەیەکی کاتیی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەکە جێدەهێڵن.

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان، پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیمەشق بڵاوی کردەوە؛ مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا.

مانگی ئازاری رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی نوێی دیمەشق، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی بە ئاسایشی ناوخۆ، تائێستاش دوو کاروانی شەڕڤانان کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەس دەبوو شاری حەلەبیان بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بەجێهێشتووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: گواستنەوەی گروپە چەکدارکان لە عەفرینەوە بۆ بنکەی سەربازیی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گروپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەشێک لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گروپانە لەناوچەکە کشاونەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ هەسەدە فشار لە ئیدارەی سوریا دەکات، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عەفرین بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە و هێزی ئاسایشیان لێ پێکبهێنرێت، دانیشتوانی عەفرینیش چاوەڕوانی لابردنی بەربەستەکان و کشانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان لە شارەکەیان بە یەکجاریی.

ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار