سری سورەیا ئۆندەر: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەردۆغان ئەرێنی بوو

2 هەفتە لەمەوپێش



 

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاتریان هەیە.
 
شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، کاژێر 13:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4-2025 گەیشتنە کۆشکی کۆماریی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.
 
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو.
 
کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدرا.
 
سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە".
 
شاندی دەم پارتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کرد.
 
سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین".
 
ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین".
 
پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: "ئەمە یەکەمین جارە بەرێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی".
 
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە 9-4-2025 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات.
 
دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار