بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان: سیستمی فیدڕاڵیمان دەوێت

3 ڕۆژ لەمەوپێش
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: لایەنە کوردییەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ سوریا یەك دەنگن و رەخنەش لەو سیاسەتە دەگرن کە ئێستا لە دیمەشق پەیڕەودەکرێت.
بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: کوردەكانی سوریا لە سەر ئەوە یەكدەنگن كە داوای سیستمی فیدڕاڵی بکەن، بەجۆرێک کەڕێگە بە دروستبونی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی و هێزی ئەمنی بدات.
وتیشی: سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە سوریا، هاوڕان کە سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی لە سوریادا هەبێت.
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پرسی چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا و پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتوری، پێویستە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکاندا دروست بکرێن.
لە چوارچێوەیەی رێکەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک دیل ئاڵوگۆڕکران و بە پێی زانیارییەکانیش گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی دەکشێنەوە.
