ئیدارەی دەوڵەت: هەڵبژاردنی ئەمساڵ بە هەمان یاسای ئێستا دەبێت

7 ڕۆژ لەمەوپێش
دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە.
دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات.
حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە.
هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە.
دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت.
چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.
