هەرێم و بەغداد لەسەر 69 هەزار بەرمیل نەوت ناکۆکن

7 ڕۆژ لەمەوپێش



 

هەفتەیەکى چارەنوسساز چاوەڕوانى دۆسیەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات، لەکاتێکدا ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەو بارەیەوە بەردەوامن بەتایبەت لەسەر 69 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنى ناوخۆیی هەرێم، سەربارى ناکۆکی بەغداد و کۆمپانیاکان لەسەر گرێبەست و شایستە داراییەکان.

بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد کە لە هەموارى یاساى بودجەدا جێگیرکرا بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و لە 17 ى شوبات چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سروشتییەکان لەماوەى 60 رۆژدا لایەنێکى نێودەوڵەتى دەستنیشان بکەن بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى نەوتى هەرێم بەپێی کێڵگەکان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێکنەکەون پرسەکە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران بۆ یەکلاکردنەوەى.

ئەو وادەیە لە 17ى نیسان کۆتایی دێت و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێککەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕاى چەند گەڕێکى دانوستان لەنێوانیاندا.

لە هەموارى بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێم دیاریکراوە، تا ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى سەربەخۆ تێچووى راستەقینە دیارى دەکات. 

جگە لە دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێم، چەندین کێشەى دیکە بەرۆکى دۆسیەى نەوتى هەرێمیان گرتووە، کە خۆیان دەبیننەوە لە داواى هەرێم بۆ بڕە نەوتى تایبەت بە بەکاربردنى ناوخۆیی، گرێبەست و شایستەى کەڵەکەبووى کۆمپانیاکان.

عەدنان جابرى جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام ئێستا دەڵێت تواناى بەرهەمهێنانى 300 هەزار بەرمیل نەوتى هەیە.

وتیشى هەروەها هەرێم داوادەکات بەغداد تێچووى بەرهەمهێنانى 300 هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیاکان، لەبەرانبەردا 185 هەزار بەرمیل رادەست بکات، چونکە لەو 300 هەزار بەرمیلە هەرێم داوادەکات 115 هەزار بەرمیلى پێبدرێت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی بۆ مەبەستى کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان، لەکاتێکدا کارەبا و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێم بێبەرانبەر نییە.

لەدانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلى رۆژانەى دیاریکردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێم داواى 115 هەزار بەرمیل دەکات، کە دەکاتە 14%ى کۆى بەرهەمەکانى نەوت لە پارێزگاکانى عێراق.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر دیاریکردنى ئەو بڕەى بە یەکێک لە کێشەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت دانا و رایگەیاندبوو، پێشتر بڕێک دیاریکرابوو، ئێستا داواى زیادکردنى دەکرێت.

سەرەڕاى هەوڵە ناوخۆییەکان، فشارەکانى ئەمەریکاش بەردەوامە بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەکە کە هێشتا چارەنوسى بە نادیارى ماوەتەوە.

رۆژى هەینى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پێویستى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کردەوە.

پێشتر تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داواى لە حکومەتی عێراق کردبوو  لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت بگاتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم و رێز لە گرێبەستە نەوتییەکان بگرێت، کە بە بەشێک لە کێشەکە ناویبرد.

هەروەها مایڵز ماکینگز وتەبێژى کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) مانگى رابردوو جەختیکردبووەوە، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکى نوێ نەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆسەکە کە گرەنتى شایستە داراییەکانیان بکات.

 "ئەپیکۆر" کە نوێنەری هەشت کۆمپانیای نەوتییە لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسن لە 60% بەرهەمهێنانی نەوت، لەچەند هەفتەى رابردوودا جەختیکردەوە "وەزارەتی نەوت هیچ ئۆفەرێکی پێشکەش نەکردوون کە گەرەنتیی پێدانی خەرجییەکانی رابردوو و داهاتوومان بکات".

رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار