شاندی دەم پارتی 13 داواکاری ئۆجالانی بە ئەردۆغان گەیاندووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە دیدارەکەى شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی چەکدانانی پەکەکە کراوە لەبەرامبەردا شاندەکە 13 خاڵی وەک مەرج بە بەرپرسانی تورکیا داوە کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکەوە پێشنیازکراوە.
بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، چاودێرانی سیاسیی دەڵێن کرانەوەى حکومەت بە رووی دەم پارتی و پەکەکە خەریکە سنوور دەبەزێنێت بەوەى لەو خاڵانەدا داوای بەرجەستەکردنی پەیوەندیی بەشێوەیەکی ئازاد بۆ ئۆجالان دەکەن.
رۆژنامەکە نوسیوێتی، لایەنی کورد چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە ئەردۆغان کردووە لەوانەش، یاسای تایبەت بۆ لێبوردەیی پەکەکە، پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی هاوبەش لە پەرلەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیوم و ئازادکردنی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکان و چەند ریفۆڕمێکی یاسایی بۆ پرسەکە و لەنێویشیاندا ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان.
لەچوارچێوەى دیدارەکانی پرۆسەی چارەسەریی، لە ١٠ى نیسان شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار ئەنجامدا.
