شاندی دەم پارتى دەچنەوە ئیمرالی و لەگەڵ وەزارەتی دادى تورکیا کۆدەببنەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
پەرلەمانتارێکى دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە و لەبارەی دەرچوونی هەندێک یاسا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گفتوگۆ دەکەین.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وان، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد.
بوڵدان کۆبوونەوەی شاندەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بە "قۆناخێکی نوێ" لە پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و گوتی، "لەگەڵ کەسێک کۆبووینەوە کە پێویست دەکات لەنێو جەرگەی پرۆسەی ئاشتیدا بێت. بەڕێز سەرۆککۆمار لە بارەگەی پارتەکەی پێشوازی لە ئێمە نەکرد، بەڵکو ویستی لە کۆشکەکەی خۆی کۆببینەوە، ئەمەش واتە: ئەو لە نێو پرۆسەکەدایە."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد. باسمان لە گۆڕانکاریکردن لە دۆخی بەڕێز ئۆجەلان کرد. باسمان لە دەستپێکردنی پرۆسەیەک لەبارەی زیندانییان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن یان ئەوانەی لێبووردن نایانگرێتەوە، کرد. بەڕێزیان هیچ گوتە و کاردانەوەیەکی نەرێنی نەبوو."
بوڵدان پێیوایە، پەرلەمانی تورکیا شوێنی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرییە و ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، پێویستی بە جێبەجێکردنی هەنگاوی یاساییە، لەوانە مافی هیوا. بێگومان ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕوانییەکانی خۆمانمان خستنەڕوو."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، "باوەڕم وایە لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەو هەنگاوانە دەنرێن."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئەو گوتانەی بوڵدان لەبارەی هەنگاونانی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری لە کاتێکدان، میدیای نزیک لە جەهەپە لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، دەم پارتی 13 داواکاری لە حکومەتی تورکیا هەبووە کە ئەمانەن:
1-گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و دڵنیایی لە ئازادیی پەیوەندییەکانی بدرێت.
2-دەرکردنی یاسایەکی تایبەت لەبارەی چەکدانانی پەکەکە.
3- هاووڵاتییبوونی یەکسان و ئازاد لە تورکیادا هەبێت.
4- پرۆژەیاسای ئاشتی و وەچەرخانی دیموکراسی ئامادەبکرێت.
5- زیندانییانی نەخۆش ئازادبکرێن.
6- لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکبهێندرێت.
7- پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە و یاداشتێکی سازان ئامادە بکات.
8- کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان بهێندرێت.
9- سەرۆکشارەوانییەکان لە گرتووخانەکان ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
10- پێویستە پرۆژە یاساکان لەبارەی مافی هیواوە بخرێنە رۆژەڤ.
11- بەربەستەکانی بەردەم ئازادی بەڕێکخراوەییبوون، هەڵبگیرێن.
12-ئەو یاسایەی ئێستا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرکارە، بگۆڕدرێت.
13-بڕیارەکانی دادگەی باڵای دەستوور و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێبکرێت.
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی دووەمی شاندی ئیمرالی لەگەڵ ئەردۆغان، بوڵدان گوتی، "ناکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دووجار لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار کۆببینەوە. بەڵام لە ماوەی داهاتوودا، بەگوێرەی قۆناخی پرۆسەکە ئەگەر پێویست بکات، داواکاری پێشکێش دەکەینەوە."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە و "لەبارەی دەرچوونی هەندێک یاسا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گفتوگۆ دەکەین."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی چوارەمی شاندی ئیمراڵی بۆلای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بوڵدان گوتی، "سەردانی دەکەین، بەڵام هێشتا کاتەکە دیار نییە. داواکاری پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین. رۆژێک کە ئەوان دیاری بکەن، دەڕۆین. پێشبینی دەکەم لەدوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری داد، سەردانەکە بکرێت."
ئەندامەکەی شاندی ئیمرالی لەبارەی سەردانکردنەوەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەرنامەیەکی لەو جۆرەیان نییە، بەڵام "ئەگەر پێویست بکات و داواکاری لەلایەن ئەوانەوە بێت، بێگومان کۆدەبینەوە. ئەو کاتەی سەردانی ئەوێمان کرد، پێمانمان گوت، هەر کاتێک بە پێویستتان زانی قسە لەسەر پرۆسەکە بکەین، کۆدەبینەوە."
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رۆژی 15ی شوباتی 2025 گەیشتە هەرێمی کوردستان و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
