ڕێککەوتنی بەنداوی تشرین ڕادەگەیەندرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیدارەی دیمەشق گەیشتنە بەنداوی تشرین و بڕیارە بەمنزیکانە رێککەوتنێکی نێوان ئیدارەی سوریا رۆژئاوای کوردستان رابگەیەندرێت.

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە رابگەیەندرێت.

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی (ئەلحوڕە) لە بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب.

بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاوی کردەوە: تیمێکی شارەزای چاکسازیی لە مەنبج و بەنداوی فوراتەوە گەیشتونەتە بەنداوی تشرین بۆ چاکسازیی کردن و چارەسەرکردنی گرفتە هونەرییەکانی بەنداوەکە، بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبا و ئاوی بەنداوەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەنداوەکە لە روی هونەرییەوە ئامادەیە، بەڵام هەندێک چاکسازیی پێویستە بۆ ئەوەی گرەنتی سەلامەتی بکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار