ئەردۆغان بەنیازە سەردانی سوریا بكات

2 مانگ لەمەوپێش
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەنیازە سەردانی سوریا بكات، ئێستاش كار بۆ دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆ سەردانەكە دەكرێت.
وتەكانی هاكان فیدان لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا سەردانی توركیای كرد و چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كەوت.
کۆتایی ساڵی ڕابردووش، ئەردۆغان بەنیاز بوو سەردانی سوریا بکات و لە دیمەشق بچێتە مزگەوتی ئەمەوی، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار سەردانەکە دواخرا.
وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی: ئەنقەرە دەیەوێت سەقامگیری لە سوریا بەدیبێت و بەدوور بێت لەهەر ئیستیفزازكردنێك، فیدان جەختیكردەوە "توركیا نایەوێت بكەوێتە ململانێوە لەگەڵ هیچ وڵاتێك لە سوریا".
جەختكردنەوەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا، هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل لە سوریا.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت "پێویستە ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بكرێت و ڕێگری لە ئیسرائیل بكرێت كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات".
سێ ڕۆژ لەمەوبەر، نوێنەرانی ئیسرائیل و توركیا لە ئازەبایجان كۆبوونەوە، كۆبوونەوەكەش لەسەر دواین گۆڕانكاریی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوولا بوو لە سوریا.
پێش كۆبوونەوەكە، پێگەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە: پەیامی شاندی ئیسرائیل زۆر روونە بۆ بۆ توركیا كە هەر گۆڕانكارییەك سەبارەت بە هێزی بیانی لە سوریا، بە تایبەت كردنەوەی بنكەی سەربازی توركیا لە ناوچەی پالمێرا هێڵی سورە و بە پێشێلكارییەكی گەورە دادەنرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ جیروسلام پۆست كردووە، حكومەتی ئیسرائیل زۆر بە روونی ئەوەی راگەیاندووە كە هەر مەترسییەك بۆ سەر وڵاتەكە، مەترسی دەبێت بۆ سەر حكومەتی سوریاش.
