پەرلەمانتارێک: گەشبینین سبەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمان تێپەڕێت

2 مانگ لەمەوپێش



سبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، گەشبینن پرۆژەیاساکە تێپەڕێنرێت.

بە گوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی، لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت.

ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێگرییەک لەبەردەم دەنگدان بە پرۆژەیاساکە نەهاتووەتە ئاراوە و گەشبینن سبەی دەنگی پێویستی پێبدرێت و تێپەڕێت.

وتیشی، ئەو کۆدەنگییەی لەماوەی رابردوو لە نێوان فراکسیۆنە کوردییەکان لە بارەی پرۆژەیاساکەوە هەبوو، هۆکارە بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکانی دیکەش دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕۆژی 16/3/2021 حكومەتی راسپارد ڕێكارەكانی ناساندنی هەڵەبجە بە پارێزگا تەواو بكات.

رۆژی 9/7/2023، وەزیری پلاندانانی عێراق بە فەرمی نەخشەی وردی پارێزگای هەڵەبجە و سەرجەم قەزا و گوندەكانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی كۆماری عێراقی پەسەند كرد.

ڕەشنووسی یاسای (پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق)، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیەوە بە بڕیاری ژمارە 23131 لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 11ی خۆیدا لە 13/3/2023 پەسەندكرا.

خوێندنەوەی یەكەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لە 2-4-2023 كرا.

 رۆژی 4-5-2023 خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە ئەنجامدرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار