ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێدەپەڕێت

4 مانگ لەمەوپێش
ڕۆژی 14-4-2025، 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ بوو کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی گەلی کورد.
ئەو هەڵمەتە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا و لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو؛ قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
لە شاڵاوی ئەنفالدا نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.
شاڵاوی ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت هەندێک کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش لەسێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی لە ساڵی 2010دا.
لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش رووخێندران.
حکومەتی عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی 2021 کۆتایی بە بژاردنی زیانە داراییەکانی داگیرکردنی کوەیت هێنا، بڕی 52 ملیار دۆلاری دایەوە بەو وڵاتە کە لە 5%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆی تەرخانکردبوو. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ساڵی 2011 بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو عێراق و کوەیت رازی بکرێن بەوەی مانگانە رێژەی %2.5 داهاتی نەوت لە عێراق وەربگیرێت بۆ ئەوەی بەغدا بیانووی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەرێمی کوردستانی نەمێنێت، بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتبوویان، پێویستە بەرپرسانی عێراق ئەو داوایە بکەن.
هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال له ڕێگه‌ی هه‌ردوو فه‌یله‌قی یه‌ك و پێنجی كه‌ركووك و هه‌ولێر، هێزێكی تایبه‌ت له گاردی كۆماری و جه‌یشی شه‌عبی و به‌شێك له فه‌وجه‌كانی به‌ناو به‌رگریی نیشتمانییه‌وه کران.
دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له 24ـی حوزه‌یرانی ساڵی 2007 سزای له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر 5 له تاوانبارانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا سه‌پاند، ئه‌وانیش، هه‌ریه‌ك له تاوانباران عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال و سوڵتان هاشم تائی، وه‌زیری به‌رگری و حوسێن ڕه‌شید تكریتی، جێگری سوپاسالاری ئه‌وكاتی عێراق بوون.
سزای زیندانیكردنی تاهه‌تایی بۆ هه‌ریه‌ك له تاوانباران سابر عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لدوری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازی و فه‌رحان موتڵه‌گ جبووری به‌شدار له پرۆسه‌ی ئه‌نفال سەپێندرا.
لەگەڵ ئەوەی چەندینجار بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بکاتەوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و هیچ قەرەبوویەکی کەسوکاری ئەنفالی نەکردووەتەوە. بەشێک لەو گوندانەی کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن لەلایەن خەڵکی ئەو گوندانەوە خۆیان نۆژەنکراونەتەوە.
