بارزانى: دەبێ عێراق قەرەبووی ئەنفال و جینۆساید بکاتەوە 

2 ڕۆژ لەمەوپێش



مەسعود بارزانی بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوانباران کەوتنە زبڵدانی مێژوو، بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زووڵمە هێشتا ماون و ساڕێژ نەکراون.
 
لە پەیامەکەیدا بارزانی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە و دەشڵێت، "پێویستە رێگە لە هەموو جۆرە تێڕوانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤێنی لە دژی خەڵكی كوردستان بگیرێت."
 
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
پڕۆسەی ئەنفال بەشێكی ئەو ستەم و تاوانانە بوو كە لە سەدەی ڕابردوو لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق گەلەكەمان ئەنجام درا. لە ئەنجامی ئەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا كە بە چەند قۆناغ هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، سەدوهەشتا هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. 

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا كیمیابارانكردن و  سیاسەتی بەعەرەبكردن و ڕاگواستن و تێكدانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە لە سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی عێراق لەبەرانبەرگەلەكەمان ئەنجام درا.
 
تاوانباران كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمە هێشتا ماون و سارێژ نەكراون. دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە. 

هەروەها پێویستیشە ڕێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لەدژی خەڵكی كوردستان بگیرێت. لە سی و حەفت ساڵەی یادی خەمناكی ئەنفالدا باشترین وەفا بۆ شەهیدانی ئەنفال ئەوەیە هەموومان لە خزمەتكردن و پاراستنی وڵاتمان یەكدەنگ بین و پێكەوە داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان بنیات بنێین.
 
سەربەرزی بۆ خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان
 
مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار